بەرپرسێکی ئەنجومەنی سوریای دیموكرات رایدەگەیەنێت كە دوو كاروانی شەڕڤانان بەمەبەستی بەرگریكردن لە عەفرین گەیشتوونەتە شارەكە و ڕاشیدەگەیەنێت "رەوشی شارەکە بەرەو كارەساتێكی مرۆیی دەڕوات".
غەریب حەسۆ، هاوسەرۆكی نووسینگەی پەیوەندییە گشتییەکانی ئەنجومەنی سوریای دیموکرات لەلێدوانێكی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند لەماوەی دوو رۆژی رابردوودا دوو كاروانی هێزەكانی سوریای دیموكرات گەیشتوونەتە عەفرین بۆ بەرگریكردن لە شارەكە.
ئەوەشی خستەڕوو كە چوونی شەڕڤانان بۆ عەفرین كاریگەری ئەرێنی دەبێت لەسەر باڵانسی شەڕ و بەهێزكردنی بەرخودانی عەفرین، لەبەر ئەو هۆیەشە كە "رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆك كۆماری توركیا داوای لە ئەمەریكا كرد كە رێگا نەدات ئەم هێزە بگاتە عەفرین، بەڵام هێزەكانی سوریای دیموكرات بەردەوام دەبن لە سەر جێبەجێکردنی ئەركەكانی بەرامبەر بە عەفرین".
غەریب حەسۆ راشیگەیاند روسیاش هاوبەشە لەو كۆمەڵكوژییانەی توركیا لە عەفرین ئەنجامیان دەدات، چونكە كارئاسانی كردووە بۆ پەلامارەكانی توركیا.
هاوكات هۆشداریشیدا لە خراپی رەوشی مەدەنییەكانی عەفرین و رایگەیاند رەوشی شارەكە بەرەو كارەساتێكی مرۆیی دەڕوات و خەڵكی عەفرین هیچ بژاردەیەکی لەبەردەمدا نەماوە جگە لە بەرخودان و كۆمەڵگەی نێودەوڵەتیش لەو دۆخە بەرپرسیار دەبێت.