ڕۆژنامەی حەیات زانیاری لەبارەی ڕێککەوتنی هەرێم و بەغدا ئاشکرادەکات

ڕۆژنامەی حەیات ئەمڕۆ یەک شەممە ئاشکرایکردووە، هەولێر و بەغدا گەیشتوونەتە ڕێککەوتنێکی سەرەتایی سەبارەت بە ئەگەری هەڵگرتنی گەمارۆی سەر فڕۆکەخانەکانی هەرێمی کوردستان.

ڕۆژنامەکە لە ڕاپۆرتێکدا ئاماژەی بەوە کردووە، لێپرسراوانی بەغدا و هەولێر بەم دواییانە ئامادەیی خۆیان دەربڕیوە سەبارەت بە یەکلاکردنەوەی دۆسیەی فڕۆکەخانەکانی هەرێم و دابەشکردنی موچەی فەرمانبەرانی هەرێم بەر لە جەژنی نەورۆز، کە دەکاتە هەفتەی داهاتوو.

ڕۆژنامەی حەیات ئاشکرایکردووە، گفتوگۆکانی نێوان هەولێر و بەغدا بە فشاری ئەمریکا و چەند دەوڵەتێکی ئەوروپی کراوە، بەتایبەت دوای ئەوەی حکومەتی فیدراڵی ماوەی گەمارۆکان سەر گەشتە نێودەوڵەتییەکانی فڕۆکەخانەکانی هەرێمی کوردستانی سێ مانگی تر درێژکردەوە، کە ئەوەش بووە مایەی نیگەرانی کوردستان و دەرەوەش.

هاوکات ڕۆژنامەکە لە زاری سەرچاوەیەکی سیاسی ئاگادارەوە نوسیویەتی "بە درێژایی هەفتەی ڕابردوو گفتوگۆی چڕوپڕ لە نێوان لیژنە ئەمنی و سیاسی و سەربازییەکانی بەغدا و هەولێر بەردەوام بووە، کە تیایدا گەیشتوونەتە لێکتێگەیشتن و ڕێککەوتنی سەرەتایی سەبارەت بە ئەگەری هەڵگرتنی گەمارۆی سەر فڕۆکەخانەکانی هەرێمی کوردستان و دابەشکردنی موچەی دوو وەزارەتی هەرێم".

بەگوێرەی ئەو سەرچاوە سیاسییە گفتوگۆکان تایبەتبوون بە یەکخستنی شێوازی هاتن لە نێوان فڕۆکەخانەکانی هەرێمی کوردستان و عێراق و هەڵوەشاندنەوەی شێوازی پێشتری تایبەت بە دەسەڵاتەکانی حکومەتی هەرێم، کە ڕێگەی دەدا بە هاتنەناوەوە بۆ ناو خاکی هەرێمی کوردستان بێ گەڕانەوە بۆ بەغدا.

ئەوە لەکاتێکدایە سەعد حەدیسی وتەبێژی نوسینگەی حەیدەر عەبادی سەرۆک وەزیرانی عێراق، ڕۆژ شەممە ١٠ی ئازار ڕایگەیاند، بابەتی فڕۆکەخانەکانی هەرێمی کوردستان گەیشتووەتە قۆناغی کۆتایی و خەریکە بە تەواوی یەکلادەبێتەوە و دوای تەواوکردنی چەند ڕێوشوێنێکی پێویست، گەمارۆکان هەڵدەگیرێن و گەشتە نێودەوڵەتییەکان لە هەرێمی کوردستانەوە دەستپێدەکەنەوە.




PM:05:13:11/03/2018