وتەبێژی نوسینگەی عەبادی ڕێککەوتنی هەرێم و بەغدای ڕاگەیاند

وتەبێژی نوسینگەی حەیدەر عەبادی، رێككەوتنی نێوان هەرێم و بەغدا لەبارەی دەستپێكردنەوەی گەشتی نێودەوڵەتی فڕۆكەخانەكانی هەرێم ئاشكرا دەكات و وادەی کرانەوەی هەردوو فڕۆکەخانەکەی هەرێم ئاشکرادەکات.

ماڵپەڕی "مەسەلـلە"ی عیراق بڵاویكردۆتەوە، سەعد حەدیسی وتەبێژی نوسینگەی رۆژنامەوانیی سەرۆك وەزیرانی عیراق، رایگەیاندووە "كۆبوونەوەكانی نێوان هەرێم و بەغدا لەسەر رادەستكردنی دەسەلاتی فڕۆكەخانەكانی هەرێم بە بەغدا، یەكلایی بۆتەوەو لەچەند رۆژی داهاتووشدا، گەشتی راستەوخۆ لەهەردوو فڕۆكەخانەی سلێمانی و هەولێر، دەستپێدەكاتەوە".

حەدیسی دەڵێت "دوای ئەوەی حكومەتی هەرێم رەزامەندی خۆی دەربڕیوە بە رادەستكردنی دەسەڵاتی فڕۆكەخانەكان، بەغدا فەرمانبەری خۆی رەوانەی ئەو دوو فڕۆكەخانەیە دەكات بەمەبەستی سەرپەرشتیكردنی دۆسیەی گومرگ و پاسپۆرت و هاتوچۆی ئەمنی، سەرجەم كارەكانی فڕۆكەخانەكانیش دەكەوێتە ژێر چاودێری حكومەتی ناوەند".




PM:08:07:12/03/2018