وەزارەتی بەرگری عێراق و دەستەی حەشدی شەعبی ڕەتیانکردەوە هیچ ئۆپراسیۆن و جموجوڵێکی سوپای تورکیا لە قەزای شنگال هەبێت، وەزارەتی بەرگری عێراقیش دەڵێت "عێراق بێ هەڵوێست و دەستبەستراو نابێت لە بەرامبەر هەر دەستوەردانێکی سەربازیی دەرەکی".
فەرماندەیی ئۆپراسیۆنەکان لە بەیاننامەیەکدا ئەمڕۆ ڕایگەیاند، دۆخی ئەمنی لە قەزای شنگال و نەینەوا و ناوچە سنورییەکان لەژێر کۆنترۆڵی هێزە عێراقییەکاندایە، ئەو هەواڵانەش دوورن لە ڕاستییەوە کە باس لە پەڕینەوەی هێزەکانی سوپای تورکیا دەکات بۆ سنوری ئەو ناوچانە.
ئاماژەی بەوەشکردووە، حکومەتی فیدراڵی وەزارەتی بەرگری ئاگادار نەکردووەتەوە سەبارەت بە بوونی ئۆپراسیۆنی سەربازی تورکیا لە شنگال، جەختیشیکردەوە حکومەتی فیدراڵی بێ هەڵوێست نابێت لە بەرامبەر هەر دەستوەردانێکی دەرەکی بۆ سەر عێراق.
لە لایەکی ترەوە دەستەی حەشدی شەعبی جەختیکردەوە، ناوچەی شنگال و ناوچەکانی دەوروبەری هیچ جۆرە جموجوڵێکی سەربازی سوپای تورکیای لێ نییە.
هاوکات هیشام هیشامی پسپۆڕی بواری ئەمنی جوڵەی هێزەکانی سوپای تورکیای بە ئاڕاستەی شنگال بە دوورزانی، مەگەر بە هەماهەنگی لەگەڵ حکومەتی عێراقیدا بێت یاخود بە دابەزاندنی سەرباز بێت لە ڕێگەی ئاسمانییەوە.
ئەو پسپۆڕە سەربازییە جەختیکردەوە لەوەی بوونی هێزەکانی سوپای عێراق لە نێوان تەلەعفەر و فیشخاپوردا دەتوانێت پێشڕەوی سوپای تورکیا ڕابگرێت.
هاشمی لە بەشێکی تری وتەکانیدا جەختیکردەوە، ئەو ئۆپراسیۆنە سەربازییەی کە ڕەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆک کۆماری تورکیا ڕایگەیاندووە و ناوی ناوە "قەڵغانی دیجلە" ئامادەکارییەکانی لە ڕووی لۆجستییەوە تەواو بووە، کە بە بۆمبارانی ئاسمانی و موشەکی دەستپێدەکات.
ئەوە لە کاتێکدایە ئاژانسی هەواڵی ئەنادۆلو لە تۆڕی کۆمەڵایەتی تویتەر لە زاری ڕەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆک کۆماری تورکیاوە بڵاویکردەوە، ئۆپراسیۆنیکی سەربازییان بۆسەر شنگال دەستپێکردووە.
ئەردۆغان ڕایگەیاندووە "بەم نزیکانە دەچینە شنگال لە باکوری عێراق، بۆ ئەو مەبەستەش ئۆپراسیۆنێکی سەربازیمان بۆ ئەوێ دەستپێکردووە، دژی تیرۆریستان دەوەستینەوە لە ناوەوە و دەرەوە، ئیمە دەوڵەتی داگیرکار نین هەوڵی گەورەمان ڕووبەڕووبوونەوەی تیرۆرە".