کوژران و برینداربوونی 30 سەربازی تورکیا ڕاگەیەندرا

پەکەکە رایگەیاند هێزەكانیان لە شاری سێرتی باكوری كوردستان چوونه‌ته‌‌ نێو سه‌نگه‌ره‌كانی سوپای توركیاوە و لەو چالاكییەدا  25 سەربازی تورکیا كوژران و برینداربوون لە شەمزینانیش 5 سەرباز كوژراون.

ناوه‌ندی ڕاگه‌یاندنی هێزه‌كانی پاراستنی گه‌ل - هەپەگە باڵی سەربازی پەكەكە رایگەیاند ڕۆژی 30ی مارس له‌ نزیك گوندی گردارای ناوچه‌ی چیاڕه‌شی سێرت، چالاكییەكی بەرفراوانیان له‌ دژی سه‌رباز و كۆنتراكانی سوپای توركیا ئه‌نجامدا و روونیكردەوە كە دوای كۆنترۆڵكردنی ئەو شوێنەی سەربازەكانی تێدا بووە، سه‌نگه‌ره‌كانیشیان تێكداون.

ئاماژەی بەوەشداوە لەو چالاكییەدا 15 سه‌رباز كوژراون و  زیاتر له‌ 10 سەربازی دیكەش برینداربوون، هاوكات ده‌ستیشیان به‌سه‌ر ژماره‌یه‌كی زۆری چه‌ك و پێداویستیی سه‌ربازیدا گرتووە.

بەپێی راگەیەندراوەكەی پەكەكە دوێنێش لە سه‌ربازگه‌ی سه‌رێكانیی ناوچه‌ی بازیدی پارێزگای ئاگری، چالاكییەكیان له‌ دژی ئۆتۆمبێلێكی سوپای توركیا ئەنجامداوە بەڵام ژماره‌ی سه‌ربازه‌ كوژراو و برینداره‌كان نەزانراوە.

ڕاشیگەیاندووە كە هەر دوێنێ له‌ شه‌مزینان 5 سەربازی توركیا كوژراون.



PM:10:45:04/04/2018