تیمی گەڕۆک بۆ پاراستنی چیای ئەزمڕ و گۆیژە پێکهێنرا

بۆ رێگری كردن لە رووداوی ئاگركەوتنەوە و زیان گەیاندن بە داراستان و ژینگەی چیای ئەزمڕ و گۆیژە تیمی تایبەت پێكدەهێنرێت و قائیمقامی شارەكەش داوا لە هاوڵاتیان و گەشتیاران دەكات هاوكار و هەماهەنگ بن.

ئەمڕۆ پێنج شەممە 12 نیسانی 2018, لە دیوانی قائیمقامیەتی سلێمانی ئاوات محەمەد قائیمقامی سلێمانی لەگەڵ بەڕێوەبەری فەرمانگە پەیوەندیدارەكانی پارێزگای سلێمانی كۆبووەوە و ئامادەكارییەكان بۆ رێگری كردن لە رووداوی ئاگركەوتنەوە و زیان گەیاندن بە دارستان و ژینگەی چیای ئەزمڕو گۆیژە تاوتوێ كران،  قائیمقامی سلێمانی رایگەیاند پاراستنی ژینگە بەتەنیا ئەركی دەزگا و دامەزراوە حكومییەكانی نیە بەڵكو ئەركی هاوڵاتیان و گەشتیارانیشە و پێویستە لە روانگەی ئەو بەرپرسیارییەتیەی لە ئەستۆداندایە هاوكار و هەماهەنگ بن بۆ پاراستنی ژینگەی سلێمانی.

دەربارەی پاراستنی ژینگەی چیای ئەزمڕ و گۆیژە و رێگری كردن لە رووداوی ئاگركەوتنەوە ئاوات محەمەد رایگەیاند، تیمی گەڕۆك لە چیاكە پێكدەرێنرێت كە ئەركیان پاراستنی ژینگەو رێگری كردن دەبێت لە زیان گەیاندن بە دارستان و پوش و پاوانی ناوچەكە.

لە كۆبوونەوەكەدا بڕیاردار بەر لە هاتنی وەرزی هاوین لە ئیستاوە "ئاگر بڕ" بۆ چیای گۆیژەو ئەزمڕ بكرێت و لە ئایندەیەكی نزیكیشدا رێنمایی چاپكراو تایبەت بە پاراستنی ژینگە ئامادەبكرێت بۆ زیاتر بەرچاوڕوونی هاوڵاتیان.



PM:12:41:12/04/2018