هەولێر...پەیمانی شەرەف لەنێوان لایەنە سیاسیەكانی هەرێم واژۆكرا

لە هەولێر قەوارە و پارتە سیاسییەكانی بەشدار لە هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق "پەیمانی شەرەفی هەڵبژاردن" یان واژۆكرد و لیستی نەوەی نوێ ئامادەنەبوو.

پێشنیوەڕۆی ئەمڕۆ چوارشەمممە 18-4-2018، پارتەكان بە چاودێری نێردەی تایبەتی نەتەوەیەكگرتووەكان لە عێراق (یونامی) و، بە ئامادەبوونی نوێنەرانی سەرجەم لیست و قەوارە و هێزە سیاسییەكانی بەشدار لە هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق جگە لە لیستی نەوەی نوێ لە هۆڵی سەعد عەبدوڵڵا (پەیمانی شەرەفی هەڵبژاردن)یان واژۆكرد.


یان كۆبیش، نێردەی تایبەتی نەتەوەیەكگرتووەكان لە عێراق "یونامی"، لە رێوڕەسمەكەدا كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانی سازكرد و رایگەیاند "خۆشحاڵم ئەمڕۆ لەگەڵ ئێوە لە رێوڕەسمی واژۆكردنی پەیماننامەی شەرەفی هەڵبژاردن بەشدارم، زۆر سوپاستان دەكەم و زۆر دڵخۆشم كە دەبینم چەندین پارت و لایەنی سیاسی ئامادەی واژۆكردنی ئەو پەیماننامەیەن، ئەوانەی ئەمڕۆش نەیانتوانیوە بەشداربن داوایان لێدەكەین لە رۆژانی دیكەدا بتوانن ئەو پەیماننامەیە واژۆبكەن، پیرۆزباییش لە برا ئێزدییەكان دەكەین كە ئەمڕۆ بەبۆنەی جەژنی سەری ساڵی ئێزدییەكان نەیانتوانیوە لەو رێوڕەسمەدا ئامادەبن، هیوادارین ئەوانیش لە رۆژانی داهاتوودا ئامادەببن".

یونامی لە زۆربەی هەڵبژاردنەكاندا بەمەبەستی چاودێریكردنی بانگەشە و پرۆسەی هەڵبژاردن لەنێوان لیست و قەوارە و هێزە سیاسییەكانی بەشدار لە هەڵبژاردن،  پەیمانی شەرەفی هەڵبژاردن واژۆدەكات، ئامانجیشی ئەوەیە هەڵبژاردنێكی پاك و بێگەرد بەبێ هیچ پێشێلكارییەك بەڕێوەبچێت، هاوكات هیچ لایەنێك تەشهیر بە لایەنی بەرامبەری نەكاو ناوزڕاندن روونەدات.





PM:12:42:18/04/2018