یەکێتی سێ لیژنە بۆ گەڕانەوەی موڵکەکانی پێک دەهێنێت
یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان، بڕیاری پێکهێنانی سێ لیژنەی داوە بەمەبەستی وەرگرتنەوەی ئیمتیازات و موڵك وماڵی حزبەكەی، تا ئێستاش ناوی 16 بەرپرس دراوەتە مەكتەبی دارایی بۆ لێسەندنەوەی موڵکەکانی ئەو حزبە.
هەفتەنامەی"ئاژانس" لە ژمارەی ئەمڕۆیدا تیشکی خستووەتەسەر موڵک و ماڵی حزبی یەکێتی نیشتیمانی کوردستان کە دراوە بە ئەندامە باڵاكانی پێشووی ئەو حزبەوەو تا ئێستا نەیانگەڕاندوەتەوە بۆ یەکێتی، بۆگەڕانەوەی ئەو موڵکانەش سێ لیژنە درووست كراوە، کە تیایدا ئەو ئیمتیازاتانەش دەگرێتەوە كە لە لای بەشێك لە
ئەندامانی بزوتنەوەی گۆڕان بوون بەر لە جیابوونەوەیان لە یەكێتیی.
سەعدی ئەحمەد پیرە، وتەبێژی یەكێتیی لەو بارەیەوە ئاماژەی بەوەداوە" بڕیارەكە پەیوەندیی بە هەڵبژاردنەوە نییە، هەندێك موڵكوماڵی یەكێتیی كە لە بەرامبەر پۆست و ئیشوكارەكان دراوە بە ئەندامان، كاتێك لە دەرەوەی یەكێتیی دەبن، مافی یەكێتییە لێیان وەربگرێتەوە".
هاوکات ڕەفعەت عەبدوڵڵا، بەرپرسی مەكتەبی ڕێكخستنی یەكێتیی ئاشکرایکردووە، "بە بڕیاری مەكتەبی سیاسی ئەوانەی ئەندامی یەكێتیین و بۆ لیستی تر كار دەكەن، لە پاش لێكۆڵینەوە لە ڕیزەكانی حزب دەردەكرێن".
وتیشی،" ئەوانەش كە لە ئاست سەركردایەتیدان تاكو بەستنی كۆنگرە تەجمید دەكرێن، هاوكات لیژنەیەك پێك هاتووە بۆ ئەوەی كە ئیمتیازاتەكانی یەكێتیی لە ئەندامانی پێشوو وەربگرینەوە، بۆ ئەوەش ناوی 16 کەس دراوەتە مەكتەبی دارایی گشتی یەكێتیی".
وتیشی،"هەموو ئەو شتانەی بە ناوی یەكێتییەوەن وەری دەگرینەوە، هەر كەسێك سكاڵای یاسایی بكات، ئەگەر مافی خاوەندارێتیی بە ناوەوە بێت دەگەڕێندرێتەوە بۆی".
لایخۆشییەوە ئاری عومەر، لێپرسراوی ڕاگەیاندنی مەكتەبی دارایی یەكێتیی بە ״ئاژانس״ی وت،"ئەو موڵك و ئیمتیازاتانە زیاتر ئۆتۆمبێلن و خانوو و بیناشیان تێدایە و دوابڕیار لەسەر ئەو پرسە لە دەستی مەكتەبی ڕێكخستن و مەكتەبی سیاسی دەبێت.״
PM:01:59:18/04/2018