هەرێم و بەغدا كار بۆ بە تاوان ناساندنی كردەوەكانی داعش لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی دەکەن

ئەمڕۆ چواشەممە رێكخەری راسپاردە نێودەوڵەتییەكان لە حكوومەتی هەرێمی كوردستان و وەزیری دەرەوەی حكوومەتی عێراق،کۆبونەوەو تیایدا ئاماژە بەو هەنگاوانەی حكوومەتی هەرێم كرا، كە لە دوای شەڕی داعش، لەپێناو پابەندبوون بە پرەنسیپە سەرەكییەكانی مافی مرۆڤ نراون.

دیندار زێباری، رێكخەری راسپاردە نێودەوڵەتییەكان لە حكوومەتی هەرێمی كوردستان لە میانی کۆبونەوەیەکیدا لەگەڵ  ئیبراهیم جەعفەری وەزیری دەرەوەی حكوومەتی عێراق رایگەیاند، "چەند لایەنێكی نێودەوڵەتی راپۆرت و لێدوان و بەیاننامەیان لەبارەی مامەڵەی پێشمەرگە لەگەڵ ئاوارەكان بڵاو كردووەتەوە و حكوومەت وەڵامی داوەتەوە، بەڵام راپۆرتەكانی عێراق لەسەر ئاستی نێودەوڵەتیدا بە بێ بەشداریی هەرێم كەموكوڕی تێدا دەبێت.

هاوکات ئیبراهیم جەعفەری وەزیری دەرەوەی عێراقوێڕای  ستایشی هەنگاوەكانی حكوومەتی هەرێمی كوردستان لەبارەی پاراستنی پرەنسیپەكانی مافی مرۆڤ، بەتایبەتی کە دوای هێرشەكانی داعش رۆڵێكی بەرچاو و دیاری هەبووە، ئامادەیی خۆی دەربڕی بۆ هەر جۆرە هاوئاهەنگییەك لەگەڵ هەرێمی كوردستان.

وەزیری دەرەوەی عێراق راشیگەیاند، لە ئێستادا كار دەكەین بۆ بە تاوان ناساندنی كردەوەكانی داعش لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی و بەشداری راستەوخۆی هەرێم لەو رووە و لە گشت كۆڕ و كۆبوونەوە نێودەوڵەتییەكانی تایبەت بە پاراستنی پرەنسیپەكانی مافی مرۆڤ گرنگە و هەڵوێستی عێراق بەهێزتر دەكات.



PM:08:45:02/05/2018