ئەمڕۆ لە سلێمانی لەکاتی بانگەشەی هەڵبژرانی پارتیدا کە بە ئامادەبوونی نێچیرڤان بارزانی جێگری سەرۆکی پارتی و چەندان ئەندامی مەکتەبی سیاسی بەڕێوەچوو، رێگا نەدراوە تەلەفزیۆنی پارتی کە زمانحاڵی حیزبەکە رووپێووی کۆبوونەوە جەماوەریەکە بکات.
هۆشیار عەزیز، بەرپرسی نوسینگەی سلێمانی كەناڵی كوردستان لە سلێمانی لە لاپەرەی تایبەتی خۆی لەتۆری كۆمەڵایەتی فەیسبوك نوسیویەتی "رێگەیان نەدا کوردستان تیڤی "کەناڵەکەی سەرۆک” ڕومالێکی کورتی ئامادەکارییەکان بۆ کەرنەڤاڵی ئێوارە بکات ، تەنانەت نەیان ھێشت نزیکی شوێنەکەش ببنەوە”.
لە درێژەی نووسینەکەیدا بەرپرسی نوسینگەی سلێمانی كەناڵی كوردستان دەڵێت "پەیامنێرو وێنەگرەکان بە دلشکاوی گەڕانەوە، پەیامنێرەکە پێی وتم پێم بڵێ ئێمە سەربە کوێین؟ ئێمە کار بۆ کێ ئەکەین، بە دڵێکی ساردەوە وتم نازانم .. ئێستا ھاوکارەکانم زۆر دڵشکاو و دڵگرانن، ئەمە ھەر بۆ ئاگاداریە، شەو پۆستێکی دورو درێژ لەسەر ئەمە ئەنوسم”.
ئەمڕۆ بە ئامادەبوونی نێچیرڤان بارزانی و فازل میرانی و د. رۆژ شاوەیش و ئەدهەم بارزانی لە سلێمانی کۆبوونەوەیەکی جەماوەری لە میانەی هەڵمەتی هەڵبژاردنی لیستەکەیان بەڕێوە چوو.