تەرمی منداڵەکەی هەولێر دۆزرایەوە

بەیانی ئەمڕۆ پێنجشەممە، تەرمی ئەو منداڵە دۆزرایەوە، کە لە گەڕەکی کرێکارانی هەولێر بەهۆی دروستبونی لافاو کەوتبووە نێو ئاوەڕۆی گەڕەکەکەوە.

بێوار زەید، وتەبێژی بەڕێوەبەرایەتیی بەرگریی شارستانی هەولێر راگەیاند "ئەمڕۆ پێنجشەممە، 10ی ئایار2018، لە توڕەق لە دووری 8.5 کیلۆمەتر لە سەنتەری شاری هەولێر تەرمی ئەو منداڵە دۆزرایەوە، کە بەهۆی بەرزبوونەوەی ئاستی ئاو لەگەڕەکی کرێکارانی هەولێر کەوتبووە نێو ئاوەڕۆوە".

رۆستەم حەسەن، منداڵێکی شاری هەولێر، کە تەمەنی حەوت ساڵ بوو، دوای بەرزبوونەوەی ئاستی ئاو و دروستبوونی لافاو، کەوتە نێو ئاوی ئاوەڕۆ لە گەڕەکی کرێکارانی هەولێر و گیانی لەدەستدا.

رۆستەم پۆلی دووەمی سەرەتایی بووە، دوای ئەوەی پاسکیلەکەی کەوتووەتە نێو ئاوی ئاوەڕۆ، بەدوایداچووە و گیانی لەدەستداوە، لەوکاتەوە تیمی نقوومڤانانی بەرگریی شارستانی هەولێر بەدوایدا دەگەڕان و، ئەمڕۆ تەرمەکەیان دۆزیوەتەوە.


PM:12:58:10/05/2018