بڕیارە ئێوارەی ئەمڕۆ یەکشەممە دژی ساختەكاری و گۆڕینی ئەنجامی هەڵبژاردنەكان گردبوونەوەیەکی ناڕەزایەتی ئەنجام بدرێت.
والی محەمەد، لێپرسراوی راگەیاندنی مەڵبەندی چواری یەگرتووی ئیسلامی كوردستان رایگەیاند، "گردبونەوەکەی ئەمڕۆ لەلایەن لیستی ئیسلام خوازانی كوردستان كە بەژمارە ١٧٥ بەشداری لە هەڵبژاردنەكانی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق كردبوو، دژی ساختەكاری و گۆڕینی دەرئەنجامی هەڵبژاردنەكان بەڕێوەدەچێت".
لەبارەی شوێنی گردبونەوەکە ئەو بەرپرسەی یەکگرتوو بە ماڵپەڕی خەندان-ی وت،" گردبوونەوەكە لەبەردەم بارەگای مەڵبەندی یەكگرتوو بەرێوەدەچێت".
شەوی رابردوو هەریەک لە(هاوپەیمانی دیموكراسی و دادپەروەری، بزووتنەوەی گۆڕان، كۆمەڵی ئیسلامی و یەكگرتووی ئیسلامی)لە پاش کۆبونەوەیەکی چوارقۆڵی راگەیەندراوێكیان بڵاوكردەوەو ئاماژەیان بەوەدا، "كۆی پڕۆسەی هەڵبژاردنەكان و ئەنجامەكانی رەتدەكەنەوەو پابەند نابن بە ئەنجامەكانەوە".
هاوکات داوای ئەوەیان کرد کە پڕۆسەی هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق دوبارە بکرێتەوە لە هەرێمی كوردستان"بە كەركوك و ناوچە كوردستانییەكانی دەرەوەی هەرێمەوە".