فراكسیۆنی یه‌كێتی له ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌رانی عیراق، هۆشداری هۆشداری لە دۆخی کەرکوک دەدات و ڕایدەگەیەنن "میلیشیا چه‌كداره‌كان گه‌مارۆی ئه‌مباره‌كانی كه‌ركوكی كۆمسیۆنی باڵای هه‌ڵبژاردنه‌كانیان داوه".
ده‌قی راگه‌یاندراوه‌كه:
به‌یاننامه‌ی هۆشداری په‌رله‌مانتارانی كه‌ركوك سه‌باره‌ت به پیلانگێڕییه‌كانی وڵاتێكی بێگانه دژ به شاره‌كه
بۆ:
رێكخراوی نه‌ته‌وه یه‌كگرتووه‌كان
هاوپه‌یمانێتی نێوده‌وڵه‌تی دژ به داعش
حكومه‌تی عێراق
سه‌رجه‌م لایه‌نه په‌یوه‌ندیداره‌كان
له دوای ته‌واوبوونی هه‌ڵبژاردنه‌كانی 12 / 5 / 2018ه‌وه میلیشیا چه‌كداره‌كان گه‌مارۆی ئه‌مباره‌كانی كه‌ركوكی كۆمسیۆنی باڵای هه‌ڵبژاردنه‌كانیان داوه‌و سه‌رۆك و فه‌رمانبه‌رانی كۆمسیۆنیش له پێناو پاراستنی گیانی خۆیان نه‌گه‌ڕانه‌ته‌وه سه‌ر كاره‌كانیان و سنوقه‌كانی ده‌نگدانیش له ژێر ده‌ستی ئه‌و میلیشیایه‌نه‌دا ماوه‌ته‌وه‌و به پێی زانیارییه ته‌واوه‌كان نیهاد كه‌ركوكی جێگری نوسینگه‌ی كه‌ركوكی كۆمسیۆنی باڵای هه‌ڵبژاردنه‌كان كه سه‌ر به به‌ره‌ی توركمانییه، كۆپی كلیلی سه‌رجه‌م ژوور‌و هۆڵه‌كانی كۆگاكه‌ی راده‌ستی گروپێكی چه‌كداری كردووه‌و هاوشان له‌گه‌ڵ تیمێكی سه‌ر به وڵاتێكی دراوسێ ده‌ستكاری ده‌نگه‌كانی ناو سندوقه‌كان ده‌كه‌ن به ئامانجی گۆڕینی ئه‌نجامه‌كان له به‌رژوه‌ندی پێكهاته‌یه‌كی دیاریكراو.
لێره‌وه ئێمه وه‌كو په‌رله‌مانتارانی كه‌ركوك ده‌رئه‌نجامه خراپه‌كانی ئه‌و پیلانگێڕییه ده‌خه‌ینه ئه‌ستۆی به‌ره‌ی توركمانی و حكومه‌تی عێراقیش به به‌رپرسیار ده‌زانین له رێگرتن له ده‌ستوه‌ردانی ده‌ره‌كی و پێشیلكردنی ئه‌و بنه‌ما دیموكراتییانه‌ی كه عێراقی نوێی له‌سه‌ر دامه‌زراوه، هاوكاریكردنی عێراقییه‌كانیش له رێگرتن له ده‌ستوه‌ردانی ده‌ره‌كی له پرۆسه‌كه به ئه‌ركی رێكخراوی نه‌ته‌وه یه‌كگرتوه‌كان و هاوپه‌یمانێتی نێوده‌وڵه‌تی دژ به داعش ده‌زانین، هاوكات جه‌ماوه‌ری تێكۆشه‌ری خه‌ڵكی كه‌ركوكیش دڵنیا ده‌كه‌ینه‌وه كه پارێزه‌ری ده‌نگه‌كانتان ده‌بین و له پێناوه‌شدا سه‌رجه‌م رێگا ده‌ستوری و یاسایی و شه‌رعی و نیشتمانییه‌كان ده‌گرینه‌به‌ر.
نوێنه‌رانی كه‌ركوك له فراكسۆنی یه‌كێتی له ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌رانی عێراق
2018 - 5 - 29