" هەرێمی کوردستان رووبەرووی کەمی دەرمان دەبێتەوە "

وەزارەتی تەندروستی، رایدەگەیەنێت " بەهۆی گۆڕینی زۆری جۆری دەرمان لەلایەن کۆمپانیا هاوردەکارەکانەوە، رووبەڕووی گرفتی کەمی دەرمان و نەمانی هەندێک جۆری دەرمان دەبینەوە".

خالس قادر وتەبێژی وزارەتی تەندروستی حکومەتی هەرێم، لە لێدوانێکیدا وتی " زۆر جۆری دەرمانی جیاواز دێت بۆ هەرێمی کوردستان، بەپێی یاساش ئەوە رێگەپێدراوە، ئێمە ناتوانین رێگەیان لێبگرین".

خاڵس قادر جەختی لەوە کردەوە، دەتوانرێت رێگە لەو کیشەیە بگیرێت، "پلانی ئێمە  پرۆژەیاسای دروستکردنی دامەزراوەی هاوردن و فرۆشتن و بەبازاڕکردنی دەرمان، وەکو پلانێکی نیشتیمانییە، بۆ ئەوەی تەنها  یەک کۆمپانیای نیشتیمانی هەبێت بۆ هێنانی دەرمان".

وتەبێژی وەزارەتی تەندروستی، بە گرنگییەوە باسی لەو پرۆژە یاسایە کرد و وتی " پێمان وایە، بەجێبەجێکردنی ئەو پرۆژە یاسایە دەتوانین کۆنتڕۆلی هاوردەکردنی دەرمان بکەین، لەڕوی کوالێتی و نرخ و هاوردەکردن، بەبازاڕکردنیشییەوە"

  سەبارەت بە جێبەجێکردنی پرۆژە یاساکە ئاماژەی بەوەدا، ئەو پرۆژە یاسایە ئێستا لە ئەنجومەنی وەزیرانە، چاوڕێیی ئەوەن لە ماوەیەکی نزیکدا رەزامەندی لەسەر بدرێت.




PM:09:10:31/05/2018