پاش تێپهڕبونی نزیكهی هەشت ساڵ بهسهر روداوی ئاگركەوتنەوەكەی ئۆتێل سۆما لەشاری سلێمانی، دادگا سزای چوار ساڵ زیندانی بەسەر تۆمەتبارێكی كەیسەكەدا سەپاندوە كه كوڕی فهرهیدون عهبدولقادری ئهندامی پێشوی مهكتهبی سیاسی یهكێتییە.
عوسمان سدیق، پارێزەری قوربانیانی كەیسی ئاگركهوتنهوهكهی ئوتێل سۆما،ژمارەی ئەمڕۆ چوارشەممەی رۆژنامەی ئاوێنەی راگەیاندووە، لەساڵی 2013دا دادگای تاوانەكانی سلێمانی، بڕیاری ئازادكردنی سێ تۆمەتباری سەرەكیی كەیسەكەی دهركردوه، بەڵام دواتر لە 20/4/2015 بڕیارەكەی دادگای تاوانەكانی سلێمانی لەلایەن دادگای تەمیزەوە هەڵوەشێنراوهتهوهو داوای كردوه ئەو سێ تۆمەتبارە حوكم بدرێن كە بریتین لە(ش. ب. ع.)، بەرپرسی ئیدارەی ئۆتێلەكە. (ن. ع. أ.) و (ع. ق. ر.) كە هەردوكیان خاوەنی مۆڵكو بینای ئۆتێلەكەن".
رۆژنامەکە باسی لەوەش کردووە، کە(ش. ب. ع.)، كوڕی فەرەیدون عەبدولقادر، ئەندامی پێشوی مەكتەبی سیاسی یەكێتییە.
ئەو پارێزەرە ئاماژەی بەوەشداوە، "دادگای سلێمانی كە لە 2017 بڕیاریداوە بەئازادكردنی هەردو تۆمەتبار (ن. ع. أ.) و (ع. ق. ر.)و تەنیا (ش. ب. ع.)ی حوكمداوە بەچوار ساڵ زیندانی بەشێوەی غیابی، دواتریش لەلایەن دادگای تەمیزەوە ئەو حوكمە پاڵپشتی كراوە".
عوسمان سدیق دەشڵێت، کە ئێمە بەو حوکمە رازی نەبوین، چونکە بە بۆچونی ئێمە عکومدانی ناوبراو بە تەنیا بۆ ئێمە بەس نەبوو، لەبەر ئەوەی کەسێکە دەستگیرناکرێت و لەدەرەوەی وڵاتەو کوڕی بەرپرسێکی باڵای ئەم وڵاتەیە، ئەمەش جگەلەوەی لەڕوی قەرەبوی مادیسەوە بۆ کەسوکاری قوبانیان ئەو کەسە گەنجێکە و هیچی بەناوەوە نییە تا قەرەبوی لێ وەربگیرێت، بۆیە جارێکی دیکە تانەیان لە بڕیارەکە داوە لە دادگاکانی تەمیز.
ساڵی 2010 لە هۆتێل سۆما لە شەقامی سالمی شاری سلێمانی روداوێکی ئاگرکەوتنەوە رویداو کارەساتێکی گەورەی لێکەوتەوە، بەوهۆیەوە ٢٧ کەس کە نیوەیان بیانی بوون گیانیان لەدەستداو زیاتر لە ٢٠ کەسی دیکەش لەکاتی خۆدەربازکردنیاندا برینداربوون کە بەشێکیان تا ئێستاش کەمئەندامن.