كادرێكى پێشكه‌وتووى یه‌كێتى نیشتمانى كوردستان دژایەتى خۆی بۆ هه‌ژماركردنه‌وه‌ى ده‌نگه‌كان به‌ده‌ست راگەیاند و ئامادەیی خۆشی دەربڕی کە لەپێناو ئەو بابەتە لە کەرکوک خۆی بە کوشت بدات، هەروەها پێشی وایە ئەو هەنگاوەی پەرلەمان ده‌ستى ده‌وڵه‌تێكى له‌پشته.
ئاراس شێخ جه‌نگى، كادرى پێشكه‌وتووى یه‌كێتى نیشتمانى كوردستان، لەبارەی ژماردنەوەی دەنگەکانی هەڵبژاردنەکانی ١٢ی ئایار بە دەست رایگەیاند، "ئه‌مه پێچه‌وانه‌ى ده‌ستوورى عێراقه و كارى كۆمسیۆنه، له سه‌رو ئه‌ویشه‌وه دادگاى فیدڕاڵى هه‌یه بۆیه ده‌بێ دادگاى فیدڕاڵى ئه‌م بابه‌ته یه‌كلایى بكاته‌وه. من باوه‌ڕم وایه له چه‌ند رۆژى داهاتوودا دادگاى فیدراڵى عێراق بڕیارى به ده‌ست ژماردنه‌وه‌ى ده‌نگه‌كان یه‌كلایى بكاته‌وه".
ئاماژه‌ى به‌وه‌شدا "ئێمه به هه‌موو شێوه‌یه‌ك دژى پوچه‌ڵكردنه‌وه‌ى ده‌نگى پێشمه‌رگه و هه‌ژماركردنه‌وه‌ى ده‌نگه‌كانین به‌ده‌ست، به‌تایبه‌ت كه به‌دیاریكراوى له هه‌رێم و كه‌ركوك بێت، به‌هیچ شێوه‌یەكیش قبوڵى ئه‌وه ناكه‌ین له‌جیاتى كۆمسیاران دادوه‌ر دابنرێ".
ئاراس شێخ جەنگی وتیشی "به‌دیاریكراوى كه ده‌یانه‌وێت كار له‌سه‌ر ده‌نگه‌كانى كه‌ركوك بكه‌ن ئه‌مه له خزمه‌تى توركمانه، ئه‌وانه‌ى ئه‌و كاره‌یان كردووه بۆ ئه‌وه‌یانه دڵى توركمانه‌كان رازى بكه‌ن و دیاره ده‌وڵه‌تێكى له‌پشته".
ئەو کادرەی یەکیتی بۆ ماڵپەڕی دواڕۆژ جه‌ختی لەوەشكرده‌وه "به‌هیچ شێوه‌یه‌ك له كه‌ركوك ئه‌وه قبوڵ ناكه‌ین ده‌نگه‌كان به‌ده‌ست هه‌ژماربكرێنه‌وه، ئاماده‌ین هه‌موومان له‌سه‌ر ئه‌و بابه‌ته و له‌پێناو كه‌ركوك بكوژرێین نه‌ك قبوڵى كارێكى وابكه‌ین، كه دژ به كورد بكرێ".