کۆمسیۆنی باڵای هەلبژاردنەکانی هەرێم ژمارەیەک کارمەند بۆ پرۆسەی هەڵبژاردنەکانی پەرلەمانی کوردستان دادەمەزرێنێت.
شۆڕش حەسەن، بەرێوەبەری راگەیاندن و پەیوەندییەکانی کۆمسیۆن رایگەیاند، میکانیزم و بڕیاری دامەزراندنی کارمەند بۆ هەڵبژاردنەکانی لە دەسەڵاتی ئەنجوومەنی کۆمسیاراندایە و دوو جۆر فەرمانبەریش دادەمەزرێنرێت.
ئاماژەی بەوەشداوە، جۆرێکیان بۆ ماوەی چوار مانگە بۆ بنکە لاوەکییەکان کە ژمارەیان کەمە، جۆرەکەی تریشیان ئەو کارمەندانەن کە تەنها بۆ رۆژی دەنگدان دادەمەزرێن.
ئەو بەرپرسەی کۆمسیۆن بۆ خەندان ئاشکرایکردووە، لە ئێستادا لە ئەنجوومەنی کۆمسیاران گفتوگۆی لەسەردەکرێت و دوای پاککردنەوەی تۆماری دەنگدەران ئەو ژمارەیەش رادەگەیەنرێت کە دادەمەزرێنرێت.
جێی ئاماژەیە بڕیارە ٣٠ ی ئەیلولی ئەمساڵ پرۆسەی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان ئەنجام بدرێت.