" مۆڵەتی کارمەندانی کۆمسیۆن راگیرا "

کۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەکانی عێراق مۆڵەتی کارمەندانی راگرت، ئەمەش وەک خۆئامادەکردنێک ببۆ هەژمارکردنی دەنگەکان لە رێگای دەستیەوە، کە دادگای فیدراڵی ئەمڕۆ بڕیاری لەسەر دەکرد.
 
دادوه‌ر  لەیس جەبر حەمزە، وتەبێژی فەرمیی كۆمسیۆن لە راگه‌یاندراوێكدا ئاماژە بۆ ئەوە دەکات " ئەنجوومەنی كۆمسیاران لە كۆمسیۆنی هەڵبژاردنەكان ئەمڕۆ كۆبوونەوەیەكی فرەوانی بەئامادەبوونی هەموو ئەندامانی لە دادوەران و ئەمینداری گشتیی ئەنجوومەنی كۆمسیاران و بەڕێوەبەرانی گشتی و یاریدەرانیان و ژمارەیەك بەڕێوەبەری بەشەكان لە نووسینگەی نیشتیمانی ساز كرد." 
 
وته‌بێژه‌كه‌ی كۆمسیۆن ئه‌وه‌شی راگه‌یاند " ئەنجوومەنەكە تاوتوێی پێویستییەكانی پرۆسەی جیاكردنەوە و هەژماركردنی بەدەستی دەنگەكانی هەڵبژاردنی كرد بەمەبەستی دانانی پلانێكی تۆكمه‌ بۆ دەستكردن بە پرۆسەكە بەپێی یاسای سێیەم هەموواری یاسای هەڵبژاردنەكان ژمارە (45)ی ساڵی (2013) لە ماوەیەكی دیاریكراو و بەمەبەستی جێبەجێكردنی خاڵانەكانی لەو كۆبوونەوە دەخرێنە روو".

ئەنجوومەنەكە بڕیاری دا رۆژی شەمه‌ی داهاتوو بۆ هەموو فەرمانبەرانی كۆمسیۆن دەوامی فەرمی بێت و مۆڵەتی فەرمانبەرانیش دەوەستێت تەنیا لە له‌یه‌ك حاله‌ت مۆڵه‌ت ده‌درێت ئه‌ویش فریاكوزاری بێت . 




PM:07:37:21/06/2018