بەبیانووی كەمیی نرخی هەر ئەمپێرێك بۆ مانگی حوزەیران، بەشێك لە خاوەن مۆلیدە ئەهلییەكانی قەزای پشدەر كارەبایان لەسەر هاوڵاتیان كوژاندەوەو داوای نرخی زیاتر دەكەن، قایمقامیەتی قەزاكەش هۆشداری دەدات.
قائممقامیەتی قەزای پشدەر لە روونكردنەوەیەكدا، كە ئەمڕۆ 5ی تەمموزی 2018 لە پەیجی تایبەتی خۆی لە تۆڕی كۆمەڵایەتی فەیسبوك بڵاویكردۆتەوە، ئاشكرایكردووە، دوانیوەڕۆی ئەمڕۆ بەشێك لە خاوەن مۆلیدەكان بەبێ بوونی هیچ پاساوێكی گونجاوو بە بڕیاری یەكلایەنە، هەستان بە كوژاندنەوەی مۆلیدەكانیان لەم گەرمای هاوینەدا.
لە روونكردنەوەكەدا، بیانووی كوژاندنەوەی مۆلیدەكان لەو قەزایە گەڕێندراوەتەوە بۆ كەمی نرخی كاتژمێری كاركردنی مۆلیدەكان بۆ مانگی (6)، لە كاتێكدا ئەم نرخە لەلایەن لیژنەیەكی تایبەتی پسپۆر لە پارێزگای سلیمانی، بە جۆرێك دیاریكراوە بۆ هەر كاتژمێرێكی كاركردن ۳۸٫٥ دینار بێت.
قایمقامیەتی قەزای پشدەر ئاماژەی بەوەشكردووە كە لە ئیدارەی راپەرین بە لەبەرچاوگرتنی تێچووی گواستنەوەی گازو چاككردنەوەی مۆلیدەكان لەكاتی شكانیان، بۆ هەر كاتژمێرێك بڕی ٤۲٫٥ دینار دیاری كراوە، خاوەن مۆلیدەكانیش ناڕازین بەو نرخەو داوای ٤٥ دینار دەكەن بۆ هەر كاتژمێرێك.
لە راگەیاندراوەكەدا هاتووە كە قایمقامیەتی قەزای پشدەرو لیژنەی سەرپەرشتی مۆلیدەكان، بە هیچ جۆرێك رازی نابن بە وەرگرتنی پارەی زیادە لە هاوڵاتیان و ئاگاداری خاوەن مۆلیدەكانیش كراوەتەوە هەر كەسێك پابەند نەبێت بە نرخی دیاریكراو، رووبەڕووی سزای یاسایی دەكرێتەوە.
داواش لە سەرجەم هاوڵاتیان كراوە، هەر كەسێك لە بڕی پارەی دیاریكراو زیاتری لێوەرگیرا، قایمقامیەت ئاگادار بكاتەوە بە مەبەستی وەرگرتنی ئیجرائاتی یاسایی.