چەند ڕۆژێکە زۆربەی گەڕەکەکانی شاری هەولێر ڕووبەڕووی بێئاوی بۆتەوە و بەشێک لە هاوڵاتیان بە ناچاری ئاو دەکڕن.
پەیامنێری "سپی میدیا" لە شاری هەولێر ڕایگەیاند چەند ڕۆژێکە لەلایەن هاوڵاتیانەوە پەیوەندیان پێوە دەکرێت و سکاڵای نەبوونی بێئاوی دەکەن.
ئەوەشی ئاشکراکرد کە ماوەی 10 ڕۆژە دانیشتوانی شاری هەولێر ڕووبەڕووی کەمئاوی بوونەوە بەجۆرێک کە هەندێک جار بە سێ ڕۆژ جارێک بە بڕێکی کەم ئاو دەدرێت بە ماڵان و بەشێک لە هاوڵاتیانیش بەتانکەر ئاو دەکڕن.
هاوڵاتیەک بۆ "سپی" ئاماژەی بەوەدا نەبوون و کەمی ئاو زیاتر لەگەرەکە میللیەکانە، ئەوان بە ناچاری شەوان کەسێک یان چەند کەسێک لە خانەوادەکانیان چاوەڕێی بەردانەوەی ئاو دەکەن و تا بەیانی شەونخونی دەکەن.
شاری هەولێر ساڵانە دووچاری کەمئاوی دەبێتەوە و لە چەند ساڵی ڕابردووشدا هەمان گرفت توشی هاوڵاتیانی ئەو شارە بووە و بەرپرسانی ئەو بوارەش بەھانەی ئەوە دەھێننەوە بەهۆی کەمی کارەباوە ناتوانن ئاو دابەشبکەن.