ڤیدیۆ...میدیای گۆڕان ناڕاستەوخۆ هێرش دەکاتەسەر قادری حاجی عەلی

لە راپۆرتێکدا کە لەسەر دۆخی دارایی بزوتنەوەی گۆران ئامادەکرابوو، بە ناڕاستەوخۆو بە بێ ناوهێنانی هێرش دەکرێتە سەر هەڵسوراوی دیاری بزوتنەوەکە "قادری حاجی علی".

راپۆرتەکە بە ناونیشانی"گؤران لە روی داهات و خەرجییەوە بچوکترین حزبی سیاسی هەرێمە"، بە ناڕاستەوخۆ هێرشدەکاتە سەر هەڵسوراوی دیاری بزوتنەوەکە (قادری حاجی عەلی)، لەو راپۆرتەدا هاتووە گۆران نە پشکی هەیە لە کۆمپانیاکانی ئاسیا سێڵ و کۆڕەک و (بۆڵینگ) و کوردتێل، نە پشکیشی هەیە لە ساناتێلی پێشوو و کۆڕەک تلیکۆمی ئێستا، نە کۆمپانیای سکیوریتی هەیەو نە کۆمپانیای نەوت و پاڵاوتگەش، نە بەتانکەر نەوت دەفرۆشیت و نە دەستیشی گرتووە بەسەر داهاتی نەوتی خەڵک دا.

سەرچاوەیەکی ئاگادار بە "سپی" راگەیاند، "لەو راپۆرتەدا هێرش دەکرێتە سەر قادری حاجی عەلی هەڵسوراوی دیاری گۆڕان، کە خۆی کەسێکی دەوڵەمەندەو، لە هەندێک لەو پرۆژانەی لە راپۆرتەکەدا باسی لێوە کراوە سەرمایە گوزاری کردووە".

ئەو سەرچاوەیە وتیشی،" هەموو ئەو هێرشانەی کراوەتە سەر هەڵسوڕاوەکەی گۆران، کە گوایە خاوەنی پشکە لە چەند پرۆژەیەکدا کەلەسەرەوە ئاماژەی بۆ کراوە، هەموویان پێش دروستبونی بزوتنەوەی گۆران بوون".

لە دوای هەڵبژاردنی ١٢ی ئایاری ئەمساڵەوە، ناکۆکییەکانی نێو بزوتنەوەی گۆڕان، رۆژ بە رۆژ لەپەرەسەندن دایەو کار گەیشتوەتە ئەوەی کە لەنێو میدیاکانەوە بە راستەوخۆو ناڕاستەوخۆ هێرش دەکەنە سەر یەکتتر.





PM:02:49:08/07/2018