پەرلەمانتارێک ڕایگەیاند کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردن و راپرسی بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان پێویستی بە دامەزراندنی 50 هەزار کارمەندە بەشێوەی گرێبەست.
عەبدولڕەحمان عەلی، بڕیاردەری فراکسیۆنی گۆڕان لە پەرلەمانی کوردستان بە ماڵپەڕی وێستگەی وتووە، بەرپرسانی کۆمسیۆن لە دانیشتنی ئەمڕۆی پەرلەماندا رایانگەیاندووە، لە هەڵبژاردنی داهاتووی پەرلەمانی کوردستان بۆ هەر بنکەیەکی دەنگدانی تایبەت دوو هەزار دەنگدەر دادەنرێن لە کاتێکدا پێشتر دوو هەزار و 500 دەنگدەر بوون، بۆ هەر بنکەیەکی دەنگدانی گشتیش 2 هەزار و 500 دەنگدەر دادەنرێن.
ئەو پەرلەمانتارەی فراکسیۆنی گۆڕان ڕایگەیاندووە "بەرپرسانی کۆمسیۆن وتویانە هەماهەنگی باشیان لەگەڵ نەتەوەیەکگرتووەکان نییە و لەو رووەشەوە نەتەوەیەکگرتووەکانیان بە کەمتەرخەم زانیوە، لەگەڵ کۆمسیۆنی بەغداش تا پێش راگرتنی کارەکانیان هەماهەنگییان هەبووە".
عەبدولڕەحمان عەلی ئاشکرایکرد، بەرپرسانی کۆمسیۆن جەختیان کردۆتەوە کە بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان پێویستیان بە پەنجا هەزار کارمەندی گرێبەستە و لە رۆژانی داهاتوودا راگەیەندراو بۆ ئەو مەبەستە بڵاودەکەنەوە.