وادەی دەستپێکردنەوەی دەوامی مامۆستایان و خوێندکاران ڕاگەیەندرا

وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی ڕایگەیاند، زانکۆکان 16ی ئەیلولیان وەك یەكەم ڕۆژی دەوامی فەرمی دەست نیشان كردووە و ڕۆژی 30ی حوزەیرانی 2019-شی وەك كۆتا ڕۆژی پڕۆسەی خوێندنی ساڵی (٢٠١٨-٢٠١٩) دەستنیشان كردووە.

وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی ڕاگەیەندراوێکی بڵاوکردووەتەوە و ڕایگەیاندووە، دوابەدوای بڕیاری ئەنجومەنی وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی تایبەت بە ساڵنامەی یەكگرتو بۆ زانكۆكانی كوردستان دەرچوو، ئەنجومەنی زانكۆی پۆلیتەكنیكی سلێمانی بڕیاریدا بە دیاریكردنی ڕێكەوتی (١٦/٩/٢٠١٨) وەك یەكەم ڕۆژی دەوامی فەرمی لە زانكۆی پۆلیتەكنیكی سلێمانی.

د. ئالان فەرەیدون، سەرۆكی زانكۆی پۆلیتەكنیكی سلێمانی لە لێدوانێكی ڕۆژنامەوانیدا وتویەتی، سەبارەت بە جێبەجێكردنی ڕاسپاردەكانی وەزارەتی خوێندنی باڵا لەبارەی ساڵنامەی خوێندنی (٢٠١٨-٢٠١٩)، بەكۆی دەنگ بڕیاردرا بە جێبەجێكردنی ساڵنامەكە، كە كاریگەری زۆری دەبێت لەسەر بەنێودەوڵەتیكردنی زانكۆمان و زانكۆكانی دیكەی ھەرێمی كوردستان و جێبەجێكردنی سیستمی (كریدت) و كاركردن بۆ پشت بەخۆبەستنی زانكۆكان.

ڕاشیگەیاندووە، "ئەنجومەنی زانكۆ بڕیاریدا ڕێكەوتی (١٦/٩/٢٠١٨) یەكەم ڕۆژی دەوامی فەرمی بێت لە زانكۆی پۆلیتەكنیكی سلێمانی، ھەروەها بڕیاریشدرا بەدەستنیشانكردنی ڕۆژەكانی پشوو و كۆتایهێنان بەپرۆسەی خوێندن، بۆ ئەوەش ڕێكەوتی (٣٠/٦/٢٠١٩) بە كۆتا ڕۆژی پڕۆسەی خوێندنی ساڵی (٢٠١٨-٢٠١٩) دەستنیشان كرا”.



PM:01:51:13/07/2018