وتەبێژی بەڕێوەبەرایەتی كارەبای سلێمانی رایگەیاند، هەتا پلەکانی گەرما زیاتر نزمببێتەوە، كارەبای نیشتیمانیش زیاد دەكات.
سیروان محەمەد وتەبێژی بەڕێوەبەرایەتی گشتی كارەبای سلێمانی بە میدیای مەرمی یەکێتیی راگەیاند، بەهۆی نزمبوونەوەی پلەكانی گەرما لە چەند رۆژی رابردوودا، کاتژمێرەکانی پێدانی كارەبا زیادیكردووە.
ئاماژەی بەوەشکردووە، پێشتر بە هۆی بەرزبوونەوەی پلەكانی گەرما سەعاتەكانی پێدانی كارەبای نیشتیمانی كەمیكردبوو، بەجۆرێك لە شەو رۆژێكدا نزیكەی 8 بۆ 10 کاتژمێر كارەبای نیشتمانی دەدرا بە هاوڵاتیان، بەڵام لە ئێستادا بەهۆی نزمبوونەوەی پلەكانی گەرما کاتژمێرەكانی پێدانی كارەبای نیشتیمانی زیادیكردووەو نزیكەی 10 بۆ 12 کاتژمێر كارەبای نیشتیمانی دەدرێت بە هاوڵاتیان.
وتەبێژی بەڕێوەبەرایەتی كارەبای سلێمانی ئاشکراشیکرد، تا پلەكانی گەرما نزمبن کاتژمێرەکانی پێدانی كارەبا لە زیادبووندا دەبن، چونكە خواست لەسەر بەكارهێنانی كارەبا كەمدەبێتەوە، بەڵام كە پلەی گەرما بەرزبووەوە بە ناچاری پێویستدەكات کاتژمێرەکانی پێدانی كارەبا كەمبكەینەوە، چونكە لۆدێكی زۆری دەكەوێتە سەر و خواست لەسەر بەكارهێنانی زیاد دەكات.