ئەندامێکی مەکتەبی سکرتاریەتیی یەکێتیی مامۆستایانی کوردستان زانیاری لەبارەی دابەشکردنی مووچەی مانگی ئایاری چەند وەزارەتێک ئاشکرا کرد.
د. نادر نانەکەلی ئەندامی مەکتەبی سکرتاریەتی یەکێتیی مامۆستایانی کوردستان، لە لیدوانێکی رۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند " لە دوایین دانیشتنماندا لەگەڵ وەزیری دارایی و ئابووریی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، کۆمەڵێک گلەیی وەزارەتی خوێندنی باڵا و وەزارەتی پەروەردەمان وەک یەکێتیی مامۆستایانی کوردستان پێ ڕاگەیاند، بەڵام وەزیری دارایی کۆمەڵێک پاساوی لەسەر بابەتی پارە و وەزارەتەکەی ھێنایەوە کە ئەو پاساوانە لای ئێمە شایەنی قەبوڵکردن نەبوو".
ئەندامەکەی یەکێتی مامۆستایان لە درێژەی لێدوانەکەیدا بۆ باس نیوز ئهوهشی ئاشكرا كردوه " وەزیری دارایی بەڵێنی پێ داوین، مووچەی مانگی چوارمان پێ بدات، ئەوەبوو مووچەکە وەرگیرا، لەگەڵ ئەوەشدا بەڵێنی ئەوەی دا و گوتی لە ئەنجومەنی وەزیرانیش ئەوەیان جێگیر کردووە، کە مووچەی مانگی پێنج لە مانگی ھەشت پێتان دەدرێت، بەڵام وەزارەتی پێشمەرگە لە یەکەم وەزارەت دەبێت لە لیستەکە و دواتر وەزارەتی پەروەردە و دواتر وەزارەتی خوێندنی باڵا دەبێت".
دەربارەی وادەی دابەشکردنی مووچەکە ئایا دەکەوێت پێش جەژن، ئەو بەرپرسە وتی " لە پێنجی مانگی داهاتووەوە دەست بە دابەشکردنی مووچەکە دەکرێت، ڕۆژی ٢٢ی مانگی ئاب یەکەم ڕۆژی جەژنی قوربانە، بۆیە بێگومان پێش جەژن، مووچەی وەزارەتی پێشمەرگە و پەروەردە و وەزارەتی خوێندنی باڵاش دەدرێت.