خوێندنی باڵا چەند بڕیارێک لە بەرژەوەندی كاندیدانی ماستەرو دكتۆرا دەردەكات

وەزارەتی خوێندنی‌ باڵا و توێژینەوەی زانستی هەرێم چەند بڕیارێکی لەبەرژەوەندی‌ كاندیدان و خوێندكارانی‌ خوێندنی‌ ماستەرو دكتۆرا لەزانكۆكانی‌ هەرێم دەركرد.

لە راگەیەندراوێکدا کە وێنەیەکی بۆ "سپی" نێردراوە، تیایدا وەزارەتی خوێندنی باڵاو توێژینەوەی زانستی هەرێم ئاماژەی بە رێنمایی ژمارە (5)ی ساڵی 2018 کردووەو ئەوەی خستوەتەڕوو، لەپێناو بەرژەوەندی‌ گشتی كاندیدان و قوتابیان و خوێندكارانی‌ خوێندنی‌ ماستەرو دكتۆرا لەزانكۆكانی‌ هەرێمی كوردستان و خوازیارانی‌ وەرگرتنی‌ نازناوی‌ زانستی بەمەبەستی رەخساندنی‌ دەرفەتی‌ دەستپێكردن بەخوێندنی‌ ماستەرو دكتۆراو وەرگرتنی‌ نازناوی‌ زانستی‌ بەڕەچاوكردنی‌ پاراستنی‌ مەرجەكانی‌ بەرزكردنەوەی‌ ئاستی‌ توانستی‌ زمانی‌ ئینگلیزی‌، بڕیاردرا بەهەمواركردنەوەی‌ بڕگەكانی‌ تایبەت بەمەرجی‌ توانستی‌ زمانی‌ ئینگلیزی‌.

بەپێی رێنماییەکەی خوێندنی باڵا، هەموو ئەو خوێندكارو كاندیدانەی‌، كە یەكێك لەتاقیكردنەوە ستانداردەكانی‌ توانستی‌ زمانی‌ ئینگلیزیان ئەنجامداوە، بەڵام نمرەی‌ پێویستیان بەگوێرەی‌ ڕێنماییەكان بەدەستنەهێناوە، بەگوێرەی‌ ئاستەكانیان دەچنە ناو كۆرسێكی‌ ستانداردی‌ تایبەت بەپەرەپێدانی‌ زمانی‌ ئینگلیزی‌، كە لەلایەن رێكخراوێكی‌ قازانج نەویستی‌ نێودەوڵەتی بەهەماهەنگی‌ سەنتەرەكانی‌ زمانی‌ ئینگلیزی‌ زانكۆ حكومییەكانی‌ كوردستان رێكدەخرێن.

وەزارەتی خوێندنی باڵای هەرێم باسی لەوەشکردووە، ئەم بڕیارە هەموو ئەو خوێندكارانەی‌ ماستەرو دكتۆر دەگرێتەوە كە لەساڵی‌ (2015 ـ 2016/ 2016 ـ 2017) لەزانكۆكانی‌ هەرێمی‌ كوردستان وەرگیراون، هەروەها پێشكەشكاران و خوازیارانی‌ نازناوی‌ زانسی‌ بەپەیڕەوكردنی‌ هەمان رێچكە دەتوانن سود لە بڕیارەكە وەربگرن.



PM:04:53:15/08/2018