دابەشكردنی نەوتی ماڵان دەستپێدەكاتەوە

دوای كۆكردنەوەی بڕێكی زۆر لەو نەوتەی لەلایەن وەزارەتی نەوتی عیراقەوە ڕەوانەی سلێمانی دەكرێت، دابەشكردنی نەوت بەسەر ماڵان دەستپێدەكاتەوە.

مەهدی مەحمود، سكرتێری ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی لە لێدوانێکی ڕۆژنامەوانیدا ڕاگەیاند: بەپێی ئەو بەدواداچوونەی كردومانە، حكومەتی عیراق بەردەوامە لەناردنی نەوت بۆ شاری سلێمانی، ئەویش لەڕێگەی ئەو نەوتەوەیە كە وەزارەتی نەوت بۆ پاڵاوتگەی بازیانی ڕەوانە دەكات، ئێمەش لەپاڵاوتگەی بازیانەوە ڕۆژانە پێنج تانكەرمان پێدەگات.

وتیشی "لەئێستادا بڕێكی زۆر نەوت كۆكراوەتەوە، لەدوو ڕۆژی داهاتوودا بەڕێوەبەرایەتی نەوت و كانزاكانی سلێمانی، بەهەماهەنگی پارێزگار كۆبونەوەیەك دەكات، بۆئەوەی نرخ دیاری بكرێت بۆ هەر بەرمیلێك نەوت، دوای یەكلاكردنەوەی نرخەكە، دەست بەدابەشكردنی دەكرێت".

مەهدی مەحمود ئەوەشی خستەڕوو، تا ئێستا نیوەی مەڵبەندی پێنجی سەنتەری شاری سلێمانی ماوە كە بەرمیلێكی پێ بدرێت، لەكاتی دەستپێكردنیش بەدابەشكردن، راستەوخۆ لەوێوە دەستپێدەكاتەوە.




PM:04:18:02/09/2018