فەرمانبەرانی کاتی کۆمیسیۆن ئاگادار دەکرێنەوە

ئیسماعیل خورماڵی بڕیاردەری کۆمسیۆنی هەڵبژاردن و ڕاپرسی هەرێمی کوردستان ڕایگەیاند، فەرمانبەرانی گرێبەست لە سبەینێوە گرێبەستەکانیان بۆ دەکرێت.

بڕیاردەری کۆمسیۆنی هەڵبژاردن و ڕاپرسی هەرێمی کوردستان ئەمڕۆ یەکشەممە لە لاپەڕەی تایبەتی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی فەیسبوک بڵاوکردووەتەوە "فەرمانبەرانی گرێبەستی ڕۆژی دەنگدان دەتوانن لە سبەینێ ١٠/٩/٢٠١٨ ەوە سەردانی فەرمانگەی پارێزگاکانی کۆمسیۆن بکەن بۆ ئەوەی گرێبەستیان بۆ بکرێت، لەگەڵ ڕەچاوکردنی ئەو ڕێنمایانەی کە لەو بارەیەوە دەرچوون و لەمیدیاکان بڵاو دەکرێتەوە".

ئەوە لە کاتێکدایە ڕۆژی ٥ی ئەم مانگە کۆمسیۆنی هەڵبژاردن و ڕاپرسی هەرێم ڕایگەیاند، ئامادەکارییەکانی بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان بەردەوامە و لەو چوارچێوەیەشدا ٤٢ هەزار فەرمانبەرى گرێبەستى بۆ سەر سندوقەکانی دەنگدان دامەزراند.

بڕیاردەری کۆمسیۆنی هەڵبژاردن و ڕاپرسی هەرێم ڕایگەیاند پرۆسەکە بە ئەلیکترۆنی بووە و هیچ ناوێک بە شێوەى دەستیی نەکراوەتە لیستی ئەو کەسانەی بۆ سەر سندوقی دەنگدان هەڵبژێردراون.

بڕیارە ٣٠ى ئەیلولى ئەمساڵ هەڵبژاردنى پەرلەمان بەڕێوەبچێت و هەرچەندە بڕیاربوو پێنجى ئەم مانگە بانگەشەى هەڵبژاردن دەستپێبکات، بەڵام کۆمسیۆن وادەى دەستپێکردنى بانگەشەى بۆ ١١ى ئەم مانگە دواخست.



PM:06:30:09/09/2018