"شۆخان کهریم" کاندیدی بزوتنەوەی گۆڕان کشانهوهی خۆی له کاندیدبوون بۆ ههڵبژاردنهکانی پهرلهمانی کوردستان راگهیاند.
له لاپهڕهی تایبهتی خۆی له تۆڕی کۆمهڵایهتی فهیسبووک "شۆخان کهریم" رونکردنهوهیهکی بڵاوکردووەتهوه و ئاماژەی بەوەکردووە،" لەبەر باری تەندروستیم بریاری کشانەوەم لە کاندید بوون رادەگەیەنم".
دهقی رونکردنهوهکه:
کۆمەڵانی خەڵکی کوردستان
گۆڕانخوازانی ئازیز:
لای زۆربەتان ئاشکرایە، بەندە زیاتر لەچواردە ساڵە لە کایەی رۆژنامەگەریدا کاردەکەم و لەو ماوەیەدا، بە دروستی نزیک بۆ دە ساڵە لە کەناڵە جوان و خەمخۆرەکەی خەڵک ،کەناڵی کەی ئێن ئێن بە بێ دابڕان وەک بێژەرو پێشکەشکارو ئامادەکاری بەرنامەی مەیدانی کارم کردووە خەم و ئازارو کێشەو قەیرانەکانی هاوڵاتیانی هەرێمەکەم ،هەمیشە داینەمۆی کارەکانم بوون.
لە کوێ ،ستەم و نادادیەک هەبوبێت، لەوێدا من دەنگ و رەنگی خەڵک و داکۆکیکاری سەرسەختی ماف و داخوازیە رەواکانیان بووم
هەر لەو روانگەیەوە.
پێموابوو دەکرێت رووبەری کارکردنم بگوازمەوە بۆ ئەوەی بوێرانەتر و یاساییتر توانای داکۆکیکردن و شەڕکردنم هەبێت لەسەر ماف و خەمە گشتیەکانی خەڵک هەربۆیە بڕیارمدا خۆم کاندید بکەم بۆ خولی پێنجەمی پەرلەمانی کوردستان.
بە شانازی و سوپاسێکی زۆرەوە بزوتنەوەی گۆڕان ئەو شەرەفەی پێ بەخشیم و متمانەی کاندیدبونی پێدام و بە فەرمی بوومە کاندیدی ئەو هێزە نیشتمانپەروەرە بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان خولی پێنجەم، بەڵام لێرەدا بۆ رای گشتی و هەموو گۆڕانخوازانی رادەگەیەنم ،کە لەبەر باری تەندروستیم بریاری کشانەوەم لە کاندید بوون رادەگەیەنم،هاوکات پێموایە کاری رۆژنامەنوسی بەو شێوازەی لە ربردوودا ئەنجامم داوە هیچی کەمتر نەبووە لە کاری پەرلەمانتاری بۆیە بەردەوامبونم وەک رۆژنامەنوس و میدیاکار ئەو شانازیەم پێدەبەخشێ هەمیشە لەبەرەی خەڵکدا بم و هەمیشە دەنگ و رەنگی ئەو کەسانە بم کە دەنگیان ناگاتە شوێنی خۆی نابێ ئەوەش لەیادبکەم کە هەر لەدوای بڵاوبونەوەی هەواڵی کاندیدبونمەوە ژمارەیەکی زۆر لە گۆڕانخوازان و هاورێیانم و هاوڵاتیانی دڵسۆز بەڵێنی پشتیوانی و هاوکاریکردنیان پێدام، لێرەدا زۆر زۆر سوپاسیان دەکەم و هاوکات پێیان ڕادەگەیەنم، کە کشانەوەم لە کاندید بون لە لیستی گۆڕان مانای ئەوە ناگەیەنێت کە لە پرەنسیپ و رێبازە نەمرەکەی رەوانشاد دوور دەکەومەوە ،بە پێچەوانەوە لە شاشەی کەی ئێن ئێنەوە بەردەوام دەبین لەسەر ئەو خەباتەی رەوانشاد نەوشیروان مستەفا دەستی پێکرد هەروەها بە جدی و بە پێی توانای خۆم هاوکاری یەک بە یەکی کاندیدەکانی بزوتنەوەی گۆڕان دەبم بۆ ئەوەی دەنگی پێویست بە دەست بهێنن و زۆرترین نوێنەرمان بچنە پەرلەمانی کوردستان.
بۆ پێشەوە
بەرەو سەرکەوتنی لیستی گۆڕان.
لەگەڵ رێزو خۆشەویستیم
شۆخان کەریم
۱۱/۹/۲٠۱۸
بەڕێزان لە لیژنەی باڵای هەڵبژاردن
بابەت:داوای کشانەوە
بەڕێزان وێڕای سڵاوێکی گەرم، سوپاسو پێزانینی خۆمتان ئاراستە دەکەم بۆ بەخشینی متمانەی کاندیدبونم لەناو لیستی گۆڕان، ئەوە شەرەف و سەروەرییەکی گەورەیە لە ژیانی مندا هەروەک چۆن هەستی شانازییم هەیە کەبەردەوام وەک کاراکتەرێک لەناو دەزگا راگەیاندنە گەورە و گرنگ و کاریگەرەکەی بزوتنەوەی گۆراندا ڕۆلم هەبووە، بەرێزان بەهۆکاری تێکچونی باری تەندروستیم و بە ڕێنمایی پزیشک، من ناتوانم بچمە کەمپەینی هەڵبژاردن، بۆیە لێرەوە پێتان ڕادەگەیەنم پاشەکشە دەکەم لەکاندیدبونم، بەڵام بەردەوامدەبم لە کاری راگەیاندن و پشتیواندەبم بۆ سەرخستنی لیستی گۆڕان.
شۆخان کەریم کاندیدی ژمارە ۳٦
۲۹/۸/۲٠۱۸