حدکا: تا بەدەستهێنانی مافەکانمان ناوەستین

لێپرسراوی گشتیی حزبی دیموکراتی کوردستانی ئێران (حدکا) لە پەیامێكی ڤیدیۆییدا ڕایگەیاند، قۆناغێکی نوێ لە خەبات دژ بە ڕژێمی ئێران دەگرنەبەر و دەڵێت "تا بەدەستهێنانی مافەکانمان ناوەستین".

مستەفا هیجری لە پەیامێکدا سەبارەت بە هێرشەکەی کۆیە دەڵێت، "رێژیمی کۆماری ئیسلامی بۆ تەکمیل کردنی زۆرداری و ئیستبدادی خۆی بەسەر گەلی کوردی ئازادیخوازدا، بە تەفسیری خۆی لە ئیسلامیش کەڵکی وەرگرتووە، تا شەرعییەت ببەخشێ بە هەموو کردەوە دڕندانەکانی خۆی لە دژی نەتەوەکەمان".

ئاماژەی بەوەش کردووە، لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان دەرەتانی ژیان بۆ هاوڵاتیانی کورد نەماوەتەوە، ئەوەی ئێستا بە ناوی ژیان تێپەڕی دەکا، "رەزاڵەت و نەهامەتییە"، کەواتە دەبێ بۆ ژیانێکی ئینسانی خەبات بکەن و لە هیچ خەباتێکی ڕەوا سڵ نەکەنەوە و جگە لەو ڕێگەیە، کۆماری ئیسلامی ئێران هێچ رێگەیەکی دیکەی بۆ نەهێشتوونەتەوە.

لێپرسراوی گشتیی حدکا ڕاشیگەیاندووە، لێبڕاون لەوەی کە بە هاوکاری هێزە سیاسییەکان و سەرجەم چین و توێژەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان لەپێناو ڕزگاریدا هەنگاو بنێن و قۆناغێکی نوێی لە خەبات دژی ڕژیمی تاران بگرنەبەر و تا بەدەستهێنانی مافەکانیان نەوەستن.

بەرەبەیانی شەممەی ڕابردوو سێ زیندانیانی سیاسیی کوردی ڕۆژهەڵاتی کوردستان، ڕامین حسێن پەناهی و زانیار و لوقمان مورادی لە زیندانی ڕەجایی شاری کەرەج لەلایەن حکومەتی ئێرانەوە لەسێدارەدران.

کاتژمیر ١٠ و ٤٥ خولەکی پێشنیوەڕۆی هەمان ڕۆژ، سوپای پاسدارانی ئێران قەڵای دیموکرات و کەمپی ئاوارەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستانی لە کۆیە موشەکباران کرد و بەو هۆیەشەوە ١٥ کەس کە زۆربەیان ئەندامان و کادرانی حزبی دیموکراتی کوردستان بوون، شەهید بوون و نزیکەی ٥٠ کەسی دیکەش بریندار بوون.




PM:01:34:13/09/2018