وەزارەتى سامانە سرووشتیەکان: ئەمساڵ بەرارد بە ساڵى رابردوو خێراتر نەوت دابەش دەکرێ

بەرپرسێکى وەزارەتى سامانە سرووشتیەکان باسى ڕایگەیاند هەوڵى دڵخۆشکەر لە ئارادایە ئەمساڵ نەوت زووتر دابەش بکرێت.

مستەفا تەها جەبار، بەڕێوبەری دابەشکردنی سوتەمەنی هەولێر بە باسی ووتووە دەست کراوە بە دابەشکردنی نەوتی سپی بەسەر هاوڵاتیان ، گوتی: زیاتر لە هەفتەیەکە دەستکراوە بە دابەشکردنى نەوتى سپى، ئەو بڕەى پێمان گەیشتووە لە بەغدا دابەشى دەکەین".

ڕاشیگەیاندووە لە ناوچە شاخاویەکان پڕۆسەى دابەشکردنى نەوتى سپى دەستى پێکردووە، گوتیشى:" وەکو قۆناخى یەکەم لە بەغداوە ملیۆنێک و 500 هەزار بەرمیل نەوتمان بۆهاتووە، بەڵێنیش دراوە بەردەوام بن،چەندە بڕەکەمان پێ بگات خێرایى لە دابەشکردنى دەکەین".

ئەو بەرپرسەى وەزارەتى سامانە سرووشتیەکان، دووپاتى کردەوە بەپێى ئەو بەرنامەیەى داندراوە ئەمساڵ بەرارد بە ساڵى رابردوو خێراتر نەوت دابەش دەکرێت، دەشڵێت:" ئەو بەڵێنانەى بە ئێمە و بە پارێزگارى هەولێریانداوە ئەمساڵ زووتر نەوت دەگاتە دەستى هاوڵاتیان، ئەگەر بڕی زیاتر گەیشتە کۆگاکان ئەوا دابەشکردنی نەوتی سپی، بازنە بە بازنە بەردەوام دەبێت تاوەکو دەگەینە ناو سەنتەرى شارى هەولێر".

مستەفا تەها ڕاشیگەیاند:" وەکو خۆم و پارێزگارى هەولێر هەوڵمانداوە لەسەر چاوەى ترى وەکو سەرچاوەى بازرگانى نەوتى ماڵان ماڵان دابین بکەن، ئەگەر بە پاڵپشتى حکوومیش نەبێت هەرزانتر بێت لە بازاڕ، هەوڵەکانمان بەردەوامى دەبێت".

ئەو بەرپرسەی دابەشکردنی نەوت دەشڵێت:"ناو شار پێویستی بە 50 ملیۆن لیترە ئەگەر بۆ هەر خێزانێک یەک بەرمیل تەرخانبکەن. دەوروبەری شاری هەولێریش پێویستی بە نزیکەی 24 ملیۆن لیترە و ناوچە شاخاوییەکان پێویستیان بە 25-26 هەزار لیترە".

وتوشیەتی بۆ هەر بەرمیلێک نەوتی سپی کە لە رێگەی بریکارەکانی خۆراک دابەش دەکرێت 51 هەزار دینار لە هاوڵاتیان وەردەگیرێت.



PM:03:18:18/09/2018