سوپای پاسداران زانیاری وردی لەسەر هێرشەكەی قەڵای دیموكرات ئاشكرادەكات

فەرماندەیەكی سوپای پاسدارانی ئێران زانیاری وردی لەسەر هێرشەكەی سەرەتای ئەم مانگەی وڵاتەكەی بۆ سەر بارەگاكانی هەر دوو حزبی دیموكراتی كوردستانی ئێران "حدكا" و حزبی دیموكراتی كوردستان "حدك" لە كۆیە ئاشكرا كرد و رایگەیاند، پێشتر زانیاریان هەبووە كە كەی و لە كوێ حزبی دیموكراتی كوردستان دانیشتن ئەنجامدەدات.

لە چاوپێكەوتنێكدا لەگەڵ ئاژانسی مێهر محەمەد تەقی ئۆسانلوو فەرماندەی فەرماندەیی قەرارگای حەمزەی سەر بە سوپای پاسداران لە پارێزگای ورمێ رایگەیاندووە، "نزیكەی ٤٥ رۆژ لەمەوبەر، ئێمە هۆشداریماندا بەو گروپانە و ئەوانیش تەواو هەژابوون و چاوەڕوانی تۆڵەیەكی ئاوا بوون؛ هەڵبەت نە بەو گرژییە".

ئەوەشی خستووەتەڕوو، "ئەو گرووپە دژە شۆڕشە دانشتنێكیان بوو كە دەیانەویست بڕیارگەلێك بدەن و هەر لەو دۆخەدا بە هەنگاوێكی پلان داڕێژراوە پلارێكی قورسیان بەركەوت، ئێمەش لە باری زانیاری و ئیتلاعاتییەوە دەمانزانی كە ئەو گرووپە كەی و لە كوێ دانیشتنیان هەیە و لەو هەڵمەتەدا كە ئەنجام درا ڕێك ژووری دانیشتنەكەیان كرایە ئامانج".

بە ئاماژە پێدان بەوەی كە لەو هێرشەدا نزیكەی ٢٨ بۆ ٣٠ كەس گیانیان لەدەستداوە، ئۆسانلوو رایگەیاندووە، "ئەو قەڵایەی كە ئەوان هەستیان دەكرد بینایەكی پتەو و قایمە و ٧٢ ژووری هەیە، ئێمە ڕێك ژوورێكمان هەڵبژارد و پێكامان و بەو كارە دەسكەوتێكی زۆرمان مسۆگەر كرد". 

ئەو فەرماندەیەی سوپای پاسداران ئاماژەی بەوەش كردووە كە دوابەدوای هێرشەكە، تیمێكی ئەمریكی بۆ لێكۆڵینەوە و هەڵسەنگاندنی هێرشەكە چووەتە قەڵای دیموكرات.

ئاشكراشی كردووە، بەپێی پڕوپاگەندەی ئەمریكییەكان لەناو كۆبوونەوەكەی حزبی دیموكراتی كورستاندا "سیخۆڕ و خائینی" لێ بووە و جی پی ئێسی پێ بووە و لەگەڵ خۆی تا ناو ژوورەكەی بردووە.

ئۆسانلوو وتوشیەتی، "ئەگەر ئاواش بوو بێ، هیچ لە بایەخ و دەسەڵاتی ئێمە كەم ناكاتەوە و لە لایەكی دیكەوە ئەگەر كەسێكی ئاوا لە ژوورەكەدا بوو بێ، بێگومان ئەویش هەر كوژراوە".

كاتژمیر ١٠ و ٤٥ خولەكی پێشنیوەڕۆی ٨ی ئەم مانگە سوپای پاسدارانی ئێران بارەگاكانی حزبی دیموكراتی كوردستانی ئێران "حدكا" و حزبی دیموكراتی كوردستان "حدك" و كەمپی ئاوارەكانی ڕۆژهەڵاتی كوردستانی لەكاتی بەستنی پۆلۆنیۆمی حدك لە كۆیە موشەكباران كرد و بەو هۆیەشەوە ١٦ كەس كە زۆربەیان ئەندامان و كادرانی حدك بوون، شەهید بوون و نزیكەی ٥٠ كەسی دیكەش بریندار بوون.




AM:11:11:26/09/2018