بەڕێوەبەرایەتی گشتی کارەبای سلێمانی رایگەیاند، کاتژمێرەکانی پێدانی کارەبای نیشتمانی بە هاووڵاتیان لەم مانگەوە زیاد دەکرێن.
بەپێی ڕوونکردنەوەیەک کە بەڕێوەبەرایەتی کارەبای سلێمانی لە پەڕەی تایبەتی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی فەیسبووک بڵاویکردووەتەوە، سەرەڕای "سنووردارێتی سەرچاوەی دارایی" و بەرزبوونەوەی پلەكانی گەرما و هەڵكشانی خواستی بەكارهێنانی كارەبا لە مانگی ئەیلولدا توانیویانە بە تێكڕا ١٥ كاتژمێر كارەبا بدەن و دواتریش بەهەماهەنگی لەگەڵ موەلیدە ئەهلییەكان سەرجەم كاتژمێرەكانی كارەبا بۆهاووڵاتییان دابین کراوە.
ئاماژە بەوەش کراوە، لەكۆتایی مانگی ئەیلوول و مانگی تشرینی یەكەم بەهۆی دابەزینی پلەكانی گەرما و كەمبوونەوەی خواست لەسەر بەكارهێنانی كارەبا دەتوانرێت ماوەكانی پێدانی كارەبا بۆ ١٩ بۆ ٢١ كاتژمێر بەرزبكرێتەوە.
بەڕێوەبەرایەتی گشتی کارەبای سلێمانی راشیگەیاندووە، "هاووڵاتییان ئاگادار دەکەینەوە كە زیادبوون یاخود كەمبوونەوەی ماوەكانی پێدانی كارەبا هیچ پەیوەندی بە مەراسیم و بۆنە و یادەكانەوە نییە تاوەكو هەندێك كەناڵی راگەیاندن پروپاگەندەی وا بڵاوبكەنەوە كە گوایە بەهۆی بانگەشەی هەڵبژاردن و پرۆسەی دەنگدانەوە ماوەكانی پێدانی كارەبا زیادبووە".
ئەوەش لە کاتێکدایە تا ئێستا کێشەی کارەبا لە هەرێمی کوردستان بەتەواوەتی چارەسەر نەکراوە و لە وەرزەکانی زستان و هاویندا کەمی کارەبا کێشەی گەورە بۆ هاووڵاتیانی کوردستان دروست دەکات.