هاتوچۆی‌ سلێمانی‌ پلانەكەی‌ ئاشكرادەكات

بەڕێوەبەرایەتی‌ هاتوچۆی‌ پارێزگای‌ سلێمانی‌ هۆكاری‌ زۆربونی‌ ڕوداوەكانی‌ هاتوچۆ ئاشكرادەكات و وردەكاریی پلانەكانی‌ خۆیشی‌ بۆ ڕوبەڕونەوەی‌ سەرپێچیەكانی‌ شۆفێران ئاشكرادەكات.

بەگوێرەی‌ نوسراوێكی‌ بەڕێوەبەرایەتی‌ هاتوچۆی‌ پارێزگای‌ سلێمانی‌ كە واژۆی‌ عەمیدی‌ هاتوچۆ فەرەیدون عومەر بەڕێوەبەری‌ هاتوچۆی‌ لەسەرەو وێنەیەكی‌ بۆ "سپی میدیا" نێردراوە ئاماژەكراوە بەڕاگەیاندنی‌ هەڵمەتێك لەژێر ناوی‌ (پڕۆژەی‌ هۆشیاری‌ هاتوچۆ) كە ماوەی‌ یەك مانگ بەردەوامدەبێت.

لەنوسراوەكەدا هاتوچۆ ئاماژەی‌ بەوەكردوە، لەبەرئەوەی‌ ژمارەیەك سەرپێچی‌ زۆر زەق ڕەوشی‌ هاتوچۆیان شێواندوەو لای‌ بەشێك لەشۆفێران بۆتە دیاردە، بۆیە لەڕێگەی‌ ئەو هەڵمەتەوە كە ماوەی‌ مانگێك دەخایەنێت شۆفێران هۆشیاردەكرێنەوە بۆ دوركەوتنەوە لەپێشێلكردنی‌ یاساو ڕێنماییەكانی‌ هاتوچۆ.

هاتوچۆی‌ سلێمانی‌ زیاتر لەوبارەیەوە ڕونكردنەوەیداوەو باسی‌ لەوەكردوە، سەرپێچیەكانی‌ (بەكارنەهێنانی‌ پشتێنی‌ سەلامەتی‌، بەكارهێنانی‌ مۆبایل لەكاتی‌ شۆفێری‌، پەیڕەونەكردنی‌ خێرایی ڕێگەپێدراو، ڕاگرتنی‌ ئۆتۆمبێل لەشوێنی‌ قەدەغە، پابەندنەبونی‌ بارهەڵگرەكان بەیاساو ڕێنماییەكان، نەبونی‌ مەرجەكانی‌ توندوتۆڵی‌ و پیسكردنی‌ ژینگە، پێشێلكردنی‌ مافی‌ پیادە، هەڵگرتنی‌ تابلۆی‌ ساختە، بەكارنەهێنانی‌ كڵاوی‌ ماتۆڕسكیل، لێدانی‌ گڵۆپی‌ سور لەترافیك لایتەكاندا)، بەشێوەی‌ بەرچاو بونی‌ هەیە.

هەروەك هاتوچۆی‌ سلێمانی‌ تەئكیددەكاتەوە، تیمێك پێكدەهێنێت و دەچنە ناو بازاڕەكان و داوا لەخەڵك دەكرێت پابەندی‌ یاساو ڕێنماییەكان بن، هاوكات هەڵمەتەكە لەڕێگەی‌ ماڵپەڕو تیڤی‌ و ڕادیۆی‌ ترافیك و فەیسبوكی‌ ئەفسەران و كارمەندانی‌ هاتوچۆوە چڕدەكرێتەوە بۆ ئەوەی‌ زۆرترین كەس چالاكیەكانی‌ ئەو هەڵمە ببینن.

هەروەك تەئكیدكراوەتەوە لەسەرئەوەی‌، "دوای‌ تەواوبونی‌ ماوەی‌ هەڵمەتەكە، هاتوچۆ چاودێریكردن و لێپرسینەوە لەسەرپێچیەكان زیاتر دەكات، لەكاتی‌ هەر كەمتەرخەمیەكی‌ كارمەندانی‌ هاتوچۆ خۆیان لێپرسینەوەیان لەگەڵ دەكرێت".



PM:01:39:14/10/2018