وەزارەتی‌ كارەبا: كاتژمێرەكانی كارەبای نیشتیمانی زیادكرا

وەزارەتی‌ كارەبای‌ حكومەتی‌ هەرێم لەبارەی‌ دۆخی‌ كارەباوە روونكردنەوەیەك بڵاودەكاتەوە و رایدەگەیەنێت "رۆژانە 19 كاتژمێر كارەبا بەهاوڵاتیان دەدرێت".

لەو رونكردنەوەیەدا كەوێنەیەكی‌ دەست "سپی میدیا" كەوتووە، تێیدا هاتوە "هاوبەشان ئاگادار دەكەینەوە كە لەرێكەوتی 22 /10 /2018ی ئەم مانگە لەهەر چوار پارێزگاكەی كوردستان بەرنامەی دابەشكردنی كارەبای نیشتمانی ئاسایبووەتەوەو رۆژانە 19 كاتژمێر كارەبا بەهاوڵاتیان دەدرێت، ئەمەش دوای ئەوەی كۆمپانیای داناغاز بەهاوكاری وەزارەتی سامانە سروشتیەكان توانیان بەسەركەوتوویی پرۆژەی زیادكردنی بەرهەمهێنانی غازی سروشتی لە كێڵگەكانی كۆرمۆڵ جێبەجێ بكەن".

وەزارەتی‌ كارەبا ئاماژەی‌ بەوەشداوە، كە بەهۆی‌ كاركردن لەپرۆژەكەدا ماوەی كەمتر لە 72 كاتژمێر كاریگەری لەسەر هەردوو وێستگەی غازی بەرهەمهێنانی كارەبا لە سلێمانی و هەولێر هەبوو، لەگەڵ جێبەجێكردنی پرۆژەكەشدا وەزارەتی كارەبا لەڕێگەی كۆنتڕۆڵی كارەباوە بەپلانێكی تۆكمە ئەركی رێكخستن و كۆنتڕۆڵكردنی تەواوی وێستگەكانی دیكەی بەرهەمهێنانی كارەبا و دابەشكردنی لە ئەستۆ گرت و توانرا رێگا لەوە بگیرێت لەكاتی جێبەجێكردنی پرۆژەكەدا كاریگەریی لەسەر هاوڵاتیان هەبێت.




PM:02:42:22/10/2018