گۆڕان و كۆمەڵ بڕیاری كۆتاییان نەداوە

كۆبونەوەی گۆڕان و كۆمەڵی ئیسلامی كۆتاییهات، بەڵام بڕیاری یەكلاكەرەوەیان لەسەر بەشداریكردن لەحكومەت و بون بەئۆپۆزسیۆن نەدا.

پێشنیوەڕۆی ئەمڕۆ 24ی 10ی 2018 وەفدێكی كۆمەڵی ئیسلامی لەشاری سلێمانی سەردانی بزوتنەوەی گۆڕانی كرد و لەدوای كۆبونەوەی نێوانیشیان و لەكۆنگرەیەكی ڕۆژنامەوانیدا، شۆڕش حاجی وتەبێژی بزوتنەوەی گۆڕان ڕایگەیاند، "وەك چۆن لەڕابردودا لەگەڵ كۆمەڵی ئیسلامی هاوهەڵوێست بوین و بەیەكەوە كارمانكردوە، ئێستاش جەختدەكەینەوە هەڵوێستی هەردولا لەبەرژەوەندی خەڵكی كوردستان دەبێت و بۆ هەر بڕیارێك پێكەوە یان بەڕاوێژ لەگەڵ یەكتر دەبێت".

سەبارەت بەیەكلاكردنەوەی هەڵوێستیان بۆ چونە ناو حكومەت یان بون بەئۆپۆزسیۆن، شۆڕش حاجی وتی:"جارێ زوە بۆ بڕیاردان لەسەر بەشداریی لەحكومەت یان ئۆپۆزسیۆن، چونكە ئەو ئەنجامانەی هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان كە ڕاگەیەندراون لەلایەن كۆمسیارانی پارتی و یەكێتیەوە بوە، ئێمەش سكاڵامان تۆماركردوە، لەسەر ڕۆشنایی ئەنجامی تانەو سكاڵاكان و هەڵوێستی یەكێتی و پارتی، بڕیاری خۆمان دەدەین".

هەر لەو كۆنگرەیەدا ڕێبوار حەمەد وتەبێژی كۆمەڵی ئیسلامی ڕایگەیاند، "ئەم سەردانەمان لەدوای ڕاگەیاندنی ئەنجامەكانی هەڵبژاردن بوو، بەسەرپەرشتی كەسی یەكەمی هەردولا كۆبونەوەمان كرد".

وتیشی‌:"بۆ تێپەڕاندنی ئەنجامەكانی هەڵبژاردنیش كۆكبوین كە جێگەی نیگەرانی هەردولا بوو، چونكە كۆمسیۆن ڕای بەشێكی گرنگی كۆمسیارانیان لەئەنجامەكان بەهەند وەرنەگرت".

ئاماژەی‌ بەوەشدا، "كۆكبوین لەسەرئەوەی تانەو سكاڵا لەسەر ئەنجامەكان تۆماردەكەین، بەڵام بەگشتیی كۆی ئەوكارانەی كردومانە بەیەكەوە بوین، بەرژەوەندی حزبی كۆینەكردوینەتەوە، بەهەمانشێوە لەداهاتوش بەردەوامدەبین تا گەندەڵی و ستەم و نادادی هەبێت، بڕیاری كۆتاییش لەسەر هەنگاوەكانمان بۆ بون بەئۆپۆزسیۆن یان بەشداریی لەحكومەت دەدەین".




PM:01:06:24/10/2018