پەرلەمانتاران 49 ملیۆن دینار وەردەگرن

بەپێی یاسا لەدوای تەواوبوونی ھەر خولێکی پەرلەمانی کوردستان ھەر پەرلەمانتارێک موچەی شەش مانگی خانەنشینی پێدەدرێت و لە ئێستاشدا وەرگرتنی ئەو شەش موچەیە بەیەکەوە بووەتە جێگەی باسی ناو خەڵک و فەرمانبەران.

سەرکەوت سەرحەد پەرلەمانتاری فراکسیۆنی یەکێتیش دەڵێت، سەرباری ئەوەی ھەقێکی خۆیانە بەڵام بەشێک لە پەرلەمانتاران داوایان کردووە ھەموو بڕە پارەکە بەیەکەوە وەرگرن و بەشێکئ دیکەش دەڵێن بە دوو قیست ئەو بڕە پارەیە وەربگرن.

ئەگەر ھەر پەرلەمانتارێک لەم خولەدا موچەی شەش مانگەکە بەیەکەوە وەربگرێت ئەوە پێنج ملیار و ٤٦١ ملیۆن و دوو سەد ھەزار دەدرێت بە پەرلەمانتارانی ئەم خولە.

ھاوکات مەحمود عومەر ئەندامی پەرلەمانی کوردستان لە فراکسیۆنی گۆران دەڵێت، ئەم خولە کەمترین خەرجی بۆ پەرلەمان کراوە و ئەو ٤٩ ملیۆن دینارەش وەریدەگرن موچەی شەش مانگی خانەنشینیە بەیەکەوە نەک زیادە بێت و وەک پاداشت پێیان بدرێت.

ئەو پەرلەمانتارانەی دووبارە خۆیان کاندیدکردووەتەوە و دەرچوونەتەوە بۆ پەرلەمان دەتوانن ئەو بڕە پارەیە وەربگرن بەلام خولی داھاتوو ناتوانن وەری بگرن، واتە ھەر پەرلەمانتارێک یەک جار ئەو شەش مووچەیە بەیەکەوە وەردەگرێت ئەگەر زیاتر لە جارێکیش ببێت بە پەرلەمانتار.

ئایدن مەعروف سەرۆکی فراکسیۆنی بەرەی تورکمانیش  دەڵێت ھەقی خۆیانە وەری بگرن و حکومەت لە دۆخی دارایی باشدایە.

لەم خولەی پەرلەماندا ١٤ پەرلەمانتار دووبارە دەرچوونەتەوە بۆ پەرلەمان و لە فراکسیۆنە جیاوازەکانیان تیدایە، وەرگرتنی موچەی شەش مانگی خانەنشینی لەم خولەدا تەنھا پەرلەمانتاران ناگرێتەوە بەڵکو وەزیر و دەستەی سەرۆکایەتی حکومەتیش دەگرێتەوە.



AM:11:46:31/10/2018