داعش کارەبای شارۆچکەیەکی کەرکووکی بڕی

چەکدارانی رێکخراوی تیرۆریستی داعش کارەبای شارۆچکەیەکی کەرکووک بە تەواوی دەبڕن.

دوو رۆژ لەمەوبەر چەکدارانی داعش دوو بورجی گواستنەوەی کارەبایان لە نزیک گوندی سەیحە لە باشووری رۆژئاوای کەرکووک تەقاندووەتەوە، کە تەقینەوەکان بوونە هۆی گیان لەدەستدانی کارمەندێکی کارەبا.

بەهۆی تەقاندنەوەی ئەو بورجانەوە، کارەبای شارۆچکەی حەویجە و گوند و شارەدێکانی دەوروبەری بە تەواوی بڕاوە و تا ئێستاش حکوومەتی عێراقی چارەسەری ئەو کێشەیەی نەکردووە.

حەویجە شارۆچکەیەکی عەرەبنشیبە و کەوتووەتە باشووری رۆژئاوای کەرکووک، نزیکەی 318 هەزار کەسی تێدا دەژی.

ماوەیەکە چەکدارانی داعش لە ناوچە جیاوازەکانی عێراق سەریان هەڵداوەتەوە و ئەو سەرهەڵدانەوەیەش دوای ئەوە دێت، کە لە مانگی 12ـی 2017، حەیدەر عەبادی، سەرۆک وەزیرانی پێشووی عێراق (2014-2018) رایگەیاند، داعش لە عێراق کۆتایی هات و ئیدی ئەو رێکخراوە لە شارەکانی عێراق سەرهەڵناداتەوە.



PM:02:22:03/11/2018