زمانی كوردی خرایە سەر لۆگۆی وەزارەتی ناوخۆی عێراق

لۆگۆی وەزارەتی ناوخۆی عێراق گۆڕاوە و بۆ یەكەمجار بە زمانی كوردی لە پاڵ زمانی عەرەبی و ئینگلیزدا لەسەر لۆگۆكە نووسراوە.

ئەمڕۆ لە ماڵپەری وەزارەتی ناوخۆی عێراقدا لۆگۆ نوێیەكەی وەزارەت بڵاوكراوەتەوە، لەسەر لۆگۆكە بە كوردی نووسراوە "وەزارەتی ناوخۆی عێراق".

هاوكات پێشتریش زمانی كوردی لەسەر پاسپۆرتی عێراقی و فۆرمی خوراك و كارتی نیشتیمانی دانراوە و  وابڕیاریشە زمانی كوردی لەسەر مۆڵەتی شۆفێریش دابنرێت.

لەماوەی رابردوودا، زمانی كوردی لە دەستورە یەك لە دوای یەكەكانی حكومەتی عێراقدا پشتگوێخرا، زمانی عەرەبی وەكو زمانی فەرمی دەوڵەت دیاریكراوە.

بەڵام لە دوای لەسەركارلابردنی رژێمی عێراق لە ساڵی ٢٠٠٣  بە سەرۆكایەتی سەدام حسێن، لە ساڵی ٢٠٠٥ دەستورێكی نوێ بۆ عێراق نوسرایەوە، ئەو دەستورە گۆرانكارییەكی گەورەی تێدایە بۆ مافە نەتەوییەكانی كورد بەتایبەتی زمان.




AM:10:46:07/11/2018