قوباد تاڵەبانی بەبۆنەی تێپەڕبوونی 234 ساڵ بەسەر دروستكردنی شاری سلێمانیدا پەیامێك بڵاودەكاتەوە و دەڵێت "لە هەر پلە و پایە و پۆستێكدا بم، خزمەتی دەكەم. سلێمانی بۆ هەموومان بووە و خۆشی ویستووین، بۆیە ئێمەیش خۆشمان دەوێت و ڕەنجی بۆ دەدەین".
دەقی پەیامەكە:
بۆ شارە حەیاتەكە، پایتەختی رۆشنبیری و شاری هەڵمەت و قوربانی..
ئەمڕۆ ڕۆژێكی ئێجگار تایبەتە، ساڵیادی دروستكردنی سلێمانییەكەمانە، ئەو شارەی هەر لەدروستبوونییەوە، هاوشانی پێشكەوتن و گۆڕانكارییەكان هەنگاوی ناوە، لە گەلێك بواردا سەرمەشق و دەستپێشخەر بووە، مێژووە ئێجگار درەوشاوەكەی لە بواری ئەدەب و هونەر و ڕۆژنامەگەریدا، شانازییە بۆ هەمووان. لە ڕووی سیاسییەشەوە، شوێنی دروستبوونی زۆرینەی پارت و حیزبە جیاواز و كاریگەرەكان بووە. ئازایەتی و ڕۆشنبیری و كولتووری قبوڵكردنی جیاوازی لەم شارە، نموونەیەكە دەبێت چاوی لێ بكرێت و لێوەی فێر ببین."مام"-یش وەكو وەفا و پێزانینێك بۆ ئەو مێژووەی سلێمانی، ناسناوی "شارە حەیاتە"كەی لێ ناوە.
سلێمانی، تەمەنی تەنها (234) ساڵە، بەڵام كولتوورە دەوڵەمەندەكەی و مێژووە پڕ سەروەرییەكەی بەراورد دەكرێت بە شارە گەورە و فەرهەنگییەكانی دونیا، زێدی لەدایكبوون و گەورەبوون و پێگەیشتنی سەدان كەسایەتی لەبوارە جیاجیاكاندا بووە و دەیان سەركردەی سیاسیی كوردیش كە جێدەستیان بەسەر هەموو مێژووی سیاسیی هاوچەرخی كوردەوە هەیە، ڕۆڵەی ئەم شارە بوون. سەرچاوەی بیری ئازاد و كوردایەتی و نیشتیمانپەروەری لێرەوە ڕێچكەی گرتووە و بە ئامانجیش گەیشتووە، كەسیش گومانی لەوە نییە، گەشەسەندنە كولتووری و سیاسییەكانی كۆمەڵگەی كوردییش بەبێ سلێمانی، كارێكی دووردەست و ئەستەمە.
ئەم شارەمان، زۆری پێبەخشیوین و قوربانیی زۆریشی داوە، هیچ ڕێگەیەكمان لەبەردەمدا نییە، جگەلەوەی دەبێت لە خۆمانی ڕازی بكەین و خزمەتی زیاتری بكەین و نەهێڵین بەربەست لەبەردەم خەون و خواستی شارنشینەكانیدا دروست ببێت، چونكە وزەیەكی لەبننەهاتووی ژیاندۆستانەی وای هەیە، كە هیچ كەس و لایەن و حیزبێك ناتوانن بەر بە ئاڕاستەی پێشكەوتنی بگرن. من وەكو خۆم، لە هەر پلە و پایە و پۆستێكدا بم، خزمەتی دەكەم. سلێمانی بۆ هەموومان بووە و خۆشی ویستووین، بۆیە ئێمەیش خۆشمان دەوێت و ڕەنجی بۆ دەدەین.
قوباد تاڵەبانی