قوباد تاڵەبانی داوا دەكات بەزوویی حكومەتی نوێ پێكبێت

قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان دەڵێت لەهەرێم پاش هەڵبژاردن، بە قۆناغێكی هەستیار و ڕاگوزەردا تێدەپەڕین، داواش دەكات بە زووی حكومەت پێكبێت.

قوباد تاڵەبانی دەشڵێت "بەهیوای ئەوەین لایەنە سیاسییەكان زوو بتوانن حكومەتی نوێ پێك بهێنن‌و بەردەوامی بدەن بەو چاكسازییانەی، كە لە چوار ساڵی رابردوودا دەستمان پێكرد بۆ دەرباز  بوون لەقەیرانەكان، بۆ ئەوەی بتوانین باشتر خزمەتی میللەتەكەمان بكەین".

جێگری سەرۆكی حكومەتی هەرێم ئەوەشی راگەیاندووە "هێشتا گفتوگۆكانی پێكهێنانی حكومەتی نوێی هەرێم وەك پێویست دەستی پێنەكردووە بۆ ئەوەی هەیكەلی حكومەتی داهاتوو دەركەوێت".

قسەكانی جێگری سەرۆكی حكومەت لەمیانی كۆبوونەوەی لەگەڵ شاندێكی پەرلەمانی فەرەنسا بەسەرۆكایەتی ماریێل دو سارنێز سەرۆكی لیژنەی پەیوەندییەكانی دەرەوەو بەرگری پەرلەمانی فەرەنسا و كلۆد گۆزاگن و خاتوو دێلفن ئۆ، ئەندامانی لیژنەكە و بڕۆنۆ ئۆبێرت باڵیۆزی فەرەنسا لەعێراق و دۆمنیك ماس كونسولی فەرەنسا لە هەرێمی كوردستان بووە.

بەپێی راگەیەنراوی كۆبوونەوەكە قوباد تاڵەبانی ستایشی گەل و حكومەتی فەرەنسای كردووە كە هەمیشە پاڵپشت و هەماهەنگ بوون لەگەڵ گەل‌و حكومەتی هەرێمی كوردستان، هەروەها ئاماژەی بەهەڵوێستی سەرۆكی فەرەنسا كرد، كە ساڵی ڕابردوو كاتێك هەرێمی كوردستان بە ڕەوشێكی زۆر هەستیاردا تێدەپەری، پاڵپشتی خۆی بۆ حكومەتی هەرێمی كوردستان دەربری.

هەر بەپێی راگەیەنراوەكە، جێگری سەرۆك وەزیران ئاماژەی بەوەدا حكومەتێكی نوێ لە عێراق دروست بووە بەسەرۆكایەتی عادل عەبدلمەهدی، كە كەسایەتییەكی گونجاو و باشە، "بە هێوای ئەوەین، بتوانین كێشە هەڵپەسێردراوەكانی نێوان هەولێر و بەغدا چارەسەر بكرێن". 

قوباد تاڵەبانی جەختیشی لەوە كردەوە، كە هەردوو حكومەتی هەرێم و عێراق كێشەكانیان هاوبەشن لە ڕووی ئەمنی و سیاسییەوە، بەتایبەتی دۆسیەی تیرۆریستانی داعش و رایگەیاند "داعش تەنیا بەچەك و بواری سەربازی كۆتایی نایەت و نەهاتووە، پێویستە لەرووی فكر و ئایدۆلۆژیاش كۆتاییان پێ بهێنرێت، دەبێت حوكمڕانی لە عێراق باشتر بكرێت و خزمەتی ناوچە جیاجیاكان بكرێت بێ جیاوازی، ئیدارەدانی حكوومەت ئەگەر باش بێت، ئەوا میللەتیش ئارام دەبێت."




PM:02:00:26/11/2018