پشكی هەرێم لە بودجە كەمدەکرێتەوە

پەرلەمانتارێكی كورد لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق رایگەیاند، بەگوێرەی نەخشەڕێکای عادل عەبدولمەهدی سەرۆك وەزیرانی عیراقی  پشكی هەرێمی كوردستان لە بودجە، بەڕێژەی 3.9 كەمدەكات.

ئەحمەد حاجی رەشید، پەرلەمانتاری كۆمەڵ، لەئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق، لەئەكاونتی تایبەتی خۆی فەیسبووك چەند بەڵگەنامەیەکی دەستنوسی بڵاوکردوەتەوەو ئاماژەی بەوە کردووە "ئەم بەڵگەنامە دەستنوسە، كە بە خەتی سور لەلایەن سەرۆك وەزیرانی عیراقەوە لەسەری نوسراوە، كۆتا گفتوگۆی پرۆژەیاسای بوجەی گشتییە، كە سەرۆكی ئەنجومەنی وەزیران ئەم پێشنیارانەی كردوە".

پێشنیازەكانیش ئەمانەن:

یەكەم:  دوو نرخ هەبێت بۆ فرۆشتنی نەوت، نرخێكی نەگۆڕ بۆ بوجەی بەكاربەرو نرخێكی گۆڕاو بۆ بوجەی وەبەرهێنان.

دووەم: ئەو نرخەی كە نەگۆرە (50) دۆلار بۆ هەر بەمیلێك نەوتی فرۆشراو.

سێیەم: بڕی داهاتی نەوت لە 97.7 تریلیۆن دینار دەبێت ببێت بە70.8 تریلیۆن دینار، ئەگەر بڕی 11.8ی داهاتی جگە لەنەوتی بەدەست بێت، ئەوا بڕی داهاتی گشتی دەبێتە 82.6 تریلیۆن دینارو بڕی 12 تریلیۆن دینار كورتهێنانی بۆ زیاد بكرێت، سەرجەم خەرجییە تەرخانكراوەكان دەبێت بەنزیكەی 95 تریلیۆن دینار، ئەگەر ئەم بڕە لەخەرجییە گشییەكانی نوسخەی پێشوو تەرخانكراوە كە 132 تریلیۆن دینارە دەربكەین، ئەوا دەبێت 37 تریلیۆن دینار لەخەرجییە گشتییەكان كەم بكرێنەوە.

چوارەم: بڕی كورتهێنان لە 26.7 تریلیۆنەوە كەمدەكرێتەوە بۆ 12 – 15 تریلیۆن دینار، واتە گۆڕانكانی لەتەواوی وەزارەت و بەشەكاندا دەبێت روبدات.

پێنجەم:  پشكی هەرێمیش لەو بڕەی كە دانراوە 3.9 كەمدەكات، دەبێت رێگاكانی زیادكردنی پشكی هەرێم ئەو پلانە بێت كە لەگەڵ وەزیری داراییدا تاوتوێمان كرد .



PM:06:21:28/11/2018