قائیمقامی چەمچەمال رایدەگەیەنێت کە لەسەر ئەو سووکایەتیەی کە بەشارەکەیان دەکرێت، ئەگەر تەلەفزیۆنی رووداو داوای لێبوردن نەکات ئەوا دەدرێتە دادگا.
لە راگەیاندراوێکدا قائیمقامی چەمچەماڵ دەڵێت " ئێمە چاوەڕوان بووین كەناڵی ڕووداو ڕووماڵی ئەو پرۆژە خزمەتگوزارییانەی بكردایە كە بە هەوڵی خەمخۆران و ئیدارە جێبەجێكراون و كاری لەسەر تەبایی یەكڕیزی بكردایە ، كەچی كەناڵەكە ئەم شەو 28 / 11 ڕاپۆرتێكی بڵاوكردەوە و شوێنی تاوانێكی بەچەمچەماڵ ناوبرد لەكاتێكدا ئەو شوێنەی ڕاپۆرتەكەی لێ كراوە و ئەو ناوچانەی باسی دەكەن كە گوایە دزی لێ كراوە هیچ پەیوەندیەكی بە قەزای چەمچەماڵەوە نیە".
دەقی راگەیەندراوەكەی قایمقامیەتی قەزای چەمچەماڵ:
بۆ كەناڵی ڕووداو و ڕای گشتی
دوای ئەوەی ئەم شەو كەناڵی ڕووداو وەك ئەوەی بە بەرنامە بیانەوێت قەزای چەمچەماڵ ناشرین بكەن وتۆمەتی ناڕەوای بۆ دروست بكەن راپۆرتێكی ناڕاستیان بڵاو كردەوە و لە تایتڵی هەواڵەكە و لە گرافیكێكی تایبەت دا ناوی چەمچەماڵیان بە كۆمەڵێك درۆ زڕاند .
ئێمە چاوەڕوان بووین كەناڵی ڕووداو ڕووماڵی ئەو پرۆژە خزمەتگوزارییانەی بكردایە كە بە هەوڵی خەمخۆران و ئیدارە جێبەجێكراون و كاری لەسەر تەبایی یەكڕیزی بكردایە ، كەچی كەناڵەكە ئەم شەو 28 / 11 ڕاپۆرتێكی بڵاوكردەوە و شوێنی تاوانێكی بەچەمچەماڵ ناوبرد لەكاتێكدا ئەو شوێنەی ڕاپۆرتەكەی لێ كراوە و ئەو ناوچانەی باسی دەكەن كە گوایە دزی لێ كراوە هیچ پەیوەندیەكی بە قەزای چەمچەماڵەوە نیە لە ڕووی كارگێڕی و جوگرافیەوە.
ئێمە لە قائیمقامیەتی قەزای چەمچەماڵ بۆ ڕای گشتی ڕادەگەیەنین وێڕای ئەوەی پێویستە ئەو كەناڵە داوای لێبووردن لە خەڵكی سنوری چەمچەماڵ بكات هاوكات لەسەر ئەم كارەیان ڕێكاری یاسایی دەگرینە بەر و لە دادگا بە تۆمەتی ناو زڕاندنی شارەكەمان سكاڵای یاسایی تۆمار دەكەین.
قائیمقامیەتی قەزای چەمچەماڵ