یادی كاوە گەرمیانی بەرز ڕادەگیرێت

ئەمڕۆ پێنج ساڵ بەسەر تیرۆركردنی كاوە گەرمیانیدا تێدەپەڕێت و چەند مەراسیمێك بەڕێوەدەچێت.

بڕیارە ئەمڕۆ لە شارۆچكەی كەلاری ناوەندی ئیدارەی گەرمیان، بە چەند چالاكییەك یادی پێنجەمین ساڵیادی تیرۆركردنی گەرمیانی بكرێتەوە.

لەكاتژمێر 10ی بەیانی دانانی تاجەگوڵینە لەسەر گۆڕی شەهیدی قەڵەم كاوە گەرمیانی لە گۆڕستانی كەلاری كۆن بەڕێوە دەچێت

دواتر و لە كاتژمێر 3ی پاشنیوەڕۆ مەراسیمی سەرەكی و دابەشكردنی خەڵاتی شەهیدی قەڵەم كاوە گەرمیانی بۆ ئازادی، لە هۆڵی (بەڕێوبەرایەتی گشتی رۆشنبیری و هونەری گەرمیان) تەنیشت خۆپاراستنی گەرمیان دەبێت

كاتژمێر 8ی ئێوارە مەراسیمی تایبەت لە بەردەم ماڵی شەهیدی قەڵەم كاوە گەرمیانی دەبێت

كاوە گەرمیان پێنج ساڵ لەمەوبەر و لەڕۆژی ٥\١٢\٢٠١٣ دوای ئەوەی چەندین جار هەڕەشەی لێكرا و داوای لێكرا واز لە ڕەخنەگرتن بهێنێت، دواجار بە دەستڕێژی گوولە لەبەردەم ماڵەكەی خۆیدا تیرۆركرا.

كاوە گەرمیانی وەكو ڕۆژنامەنوسێكی رەخنەگر و دژ بە گەندەڵی كاری دەكرد و بەردەوام هەوڵی بۆ ئاشكرا كردنی گەندەڵیەكان داوە.

ساڵیادەكەی لە كاتێكدایە كە تا ئێستا تاوانباری دۆسیەكە سزانەدراوە و كەسوكاری ناوبراویش پێیان وایە "دادگا نەیتوانیووە سەربەخۆیی خۆی بپاریزێت لە دۆسیەكەدا".




AM:10:14:05/12/2018