پێنجەمین ساڵیادی تیرۆری كاوە گەرمیانی بەڕێوەچوو

ئەمڕۆ چوارشەممە 5ی 12ی 2018 لەلایەن كەسوكاری كاوە گەرمیان و ژمارەیەك رۆژنامەنوسی هەرێمی كوردستان لە گەرمیان یادی پێنجەمین ساڵیادی تیرۆركردنی كاوە گەرمیانی كرایەوە.

شیرین ئەمین، هاوسەری كاوە گەرمیان لەمیانی مەراسیمی پێنجەمین ساڵیادی تیرۆركردنی كاوە گەرمیانی لەسەر گۆڕەكەی رایگەیاند، ئەوان لە خوێنی شەهیدەكەیان بێدەنگ نابن، و ناشیانەوێت ناوی كاوە گەرمیانی لەلایەن هیچ بەرپرسێكەوە بەكاربهێندرێت.
  
ئاماژەی بەوەشكرد، "هەمیشە هەڵگری پەیامەكانی رۆژنامەنوسانی شەهید سەردەشت عوسمان و سۆرانی مامەحەمە و كاوە گەرمیانی و وەدات حسێن دەبین و پەیامەكانی ئەو رۆژنامەنوسانە ون نابن".

شەوی‌ 6/5 كانوونی‌ دووەمی‌ ساڵی‌ 2013، لەگەڕەكی‌ سەركەوتنی‌ كەلار، لەكاتێكدا رۆژنامەنووس كاوە گەرمیانی‌ لە ماڵی‌ باوكی‌ بوو، دەسترێژی‌ گولـلەی‌ لێكراو بەبەرچاوی‌ دایكیەوە شەهیدكرا. لەسەر ئەو تاوانەش كەسێك كە دانی‌ بە تاوانەكەیدانا بە زیندانی‌ هەتا هەتایی‌ حوكم دراوە، بەڵام بنەماڵەكەی دەڵێن "تۆمەتباری سەرەكی تا ئێستا دەستگیر نەكراوە".



PM:12:13:05/12/2018