دادگای توركیا سزای ساڵێك و شەش مانگ زیندانیی بەسەر هەر یەك لە عوسمان بایدەمیر و لەیلا بیرلیك پەرلەمانتاری پیشووی هەدەپە دا سەپاند.
ساڵی ٢٠١٥ بۆ ئیدانەكردنی قەدەغەی هاتووچۆ لە ناوچەی سووری ئامەد، لە ناوچەی كەربۆرانی مێردین و ناوچەكانی جزیر و سلۆپیی شرناخ رێپێوانێك رێكخرا و پەرلەمانتارانی هەدەپەش بەشداری رێپێوانەكە بوون.
داواكاری گشتیی بەهۆی بەشدار بوونیان لەو رێپێوانەدا سكاڵای لە دژی عەلی جان ئۆنلو، عایشە ئاجار باشاران، عوسمان بایدەمیر و لەیلا بیرلیك پەرلەمانتارانی هەدەپە تۆمار كرد وئەمڕۆ دانیشتنی دادگای سزاكانی شرناخ لەسەر ئەو ساكاڵایە بەڕێوەچوو.
لەو دانیشتنەدا دادگا بە پاساوی ئەوەی لە دژی یاسای ڕێپێوان و خۆپیشاندان بوون، بۆ هەر یەك لە عوسمان بایدەمیر و لەیلا بیرلیك بڕیاری سزای ساڵێك و شەش مانگ زیندانیی دەركرد.
دادگاكە دۆسیەی پەرلەمانتاران ئۆلون و باشارانی لەو دانیشتە جیاكردەوە و دۆسیەكەیان دەبرێتە دادگایەكی تر.