کاوە محەمەد، پەرلەمانتاری عێراق ڕایگەیاند هەرێم مووچەی هەر سێ مانگەکەی فەرمانگە ئیتیحادییەکانی خەرجکردووە.
کاوە محەمەد، پەرلەمانتاری فراکسیۆنی گۆڕان لە پەرلەمانی عێراق بە سپی میدیای ڕاگەیاند "دوێنێ (١٢/١٩) جارێکی دیکە لەبارەی کێشەی مووچەی فەرمانگە ئیتیحادییەکانی هەرێم (رەگەزنامە، پاسپۆرت، کارتی نیشتیمانی و نشینگە) قسەم لەگەڵ د.فوئاد حسێن وەزیری دارایی عیراق کرد و داوای چارەسەری ئەو کێشەیەم لێکرد و بەڵێنیدا بەدواداچونی بۆ بکات، ئەمڕۆ پەیوەندی پێوە کردمەوە و پێی راگەیاندم کە فەرمانی بە ستافی وەزارەتەکەی کردووە پێش کۆتایی ساڵ هەردوو مووچەی ساڵی ٢٠١٧ یان بۆ سەرف بکرێت، بۆ مووچەکانی ساڵی ٢٠١٨ ش رایگەیاند کە هی سێ مانگی کۆتایی، لەلایەن وەزارەتی دارایی عیراق-ەوە هەمووی سەرفکراوە".
وتیشی "ئەوەی دەمێنێتەوە، ئێستا لەسەر حکومەتی هەرێمە کە ئەو سێ مووچەیەی ئەمساڵ بەزوویی بۆ فەرمانبەرانی ئەو فەرمانگانە سەرف بکات و دواتریش کە دوو مووچەکەی ساڵی ٢٠١٧ گەیشتە دەست حکومەتی هەرێم، سەرفکردنی ئەوانیش دوانەخرێت".