داوای دروستکردنی ناوچەی دژە فڕین دەکرێت

شاندێکی ئەنجومەنى سوریاى دیموکرات گەیشتنە فەڕەنسا و داوا لەو وڵاتە دەکەن کاربکەن بۆ دروستکردنی ناوچەى دژە فڕین لە رۆژئاواى کوردستان.

ئیلهام ئەحمەد هاوسەرۆکى ئەنجومەنى سوریاى دیموکرات ڕایگەیاند، پێویستە وڵاتانى ئەندام لە هاوپەیمانى نێودەوڵەتى بەردەوام بن شەڕى دژى داعش.

وتیشى داوایان لە فەڕەنسا کردووە لە هەوڵەکانى بەردەوام بێت بۆ گەیشتن بە چارەسەرى سیاسی قەیرانى سوریا و فشار بخاتە سەر تورکیا بۆ کۆتایی هێنان بە هەڕەشەکانى بۆ سەر رۆژئاواى کوردستان.

ئیلهام ئەحمەد جەختیشیکردەوە، بەهۆى هەڕەشەکانى تورکیا مەترسی هەیە داعش سەرهەڵبداتەوە و بارودۆخەکە لە کۆنتڕۆڵ دەربچێت.

لەبارەى بابەتی بڵاوکردنەوەی هێزەکانی پێشمەرگەوە بۆ سەر سنورى رۆژئاوا، ئیلهام ئەحمەد دەڵێت، ئەو کارە چارەسەر نییە، چونکە تورکیا دژى هەموو هێزێکى کوردییە و ئەگەر هەیە تورکیا هێرشى بکاتە سەریان.

لاى خۆیەوە، ریاز درار هاوسەرۆکى ئەنجومەنى سوریاى دیموکرات ڕایگەیاند، کشانەوەى ئەمریکا کاریگەرى لەسەر هەموان دروستدەکات، هەموو لایەک بە کارەکانیدا دەچێتەوە، بەڵام ئێمە داوامان لە وڵاتان کردووە ئەرکی ئەخلاقى خۆیان بەجێبهێنن.

دوای بڕیاری کشانەوەی هێزەکانی ئەمریکا لە سوریا هێزەکانى فەڕەنسا لەسوریا پشتیوانى خۆیان بەتەواوى بۆ هێزەکانى سوریاى دیموکرات نیشاندا و ڕایانگەیاند دەبێ هەوڵبدەن کە ئەمەریکا بە بڕیارى خۆیدا بچێتەوە دەربارەى کشانەوەى لە سوریا.




PM:04:14:21/12/2018