موراد قەرەیلان رایگەیاند، هەڕەشەکانی دەوڵەتی تورکیا بۆسەر رۆژئاوای کوردستان دژی هەموو کوردانە و جەختیشی کردەوە نەبوونی یەکگرتووی لە ناوکورددا جێگەی شەرمە بۆ هەموان.
موراد قەرەیلان ئەندامی کۆمیتەی بەڕێوەبەرایەتی پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە) رایگەیاند هەر دوو پارتی داد و گەشەپێدان (ئەکەپە) و پارتی نەتەوەپەرستی تورکیا (مەهەپە) رێکەوتوون لەسەر ئەوەی کە لە ناوخۆ و دەرەوەی سنورەکانی ئەو وڵاتە، رێگە لە پێشکەوتنی کورد بگرن و کۆنتڕۆڵی گەلی کورد بکەن، پەکەکەش باسی ئەو بابەتەی لەگەڵ لایەنە سیاسییەکانی هەرێمی کوردستان کردووە.
وتیشی تورکیا بەنیازە سەرەڕای کۆنتڕۆڵکردنی رۆژئاوای کوردستان، لە حەلەبەوە تاوەکوو موسڵ و کەرکوک بخاتە ژێر کۆنتڕۆڵی خۆی و رێگە نەدات کورد ببێتە خاوەن پێگەی خۆی.
ڕوونیشی کردووەتەوە، هەمووکات وڵاتانی ناوچەکە لەسەر پرسی کورد رێکدەکەون و ئەگەرچی دەوڵەتی تورکیا و سوریا نزیکەی حەوت ساڵە دوژمنایەتی یەک دەکەن بەڵام بۆ رووبەڕووبوونەوەی کوردانی رۆژئاوا خەریکن یەکدەگرن.
ئەو بەرپرسە باڵایەی پەکەکە ڕاشیگەیاند "لەگەڵ ئەوەی کورد لەناو یەک کەشتیدایە، یەکگرتوو نیە و ئەوەش بۆ ئێمەی کورد شەرمە".