یەکێتی: ئێمە هەوڵدەدەین بۆ ئەوەی کورد لەسەر ئاستی هەرێم و عێراقیش یەکڕیزبێت

ئەندامێکی سەرکردایەتی یەکێتی رایگەیاند" یەکێتی پڕۆژەی هەیە لەسەر ئاستی عێراق و هەرێم کورد بە گەشت لایەنەکانیانەوە یەکڕیزبین".

بڵێسە جەبار فەرمان ئەندامی سەرکردایەتی یەکێتی نیشتمانی کوردستان لە لێدوانێکی تایبەتدا بۆ سپی رایگەیاند" یەکێتی پڕۆژەیەکی هەیە بۆ چوارساڵ، مەبەست لەو پرۆژەیەش دەستبەرکردنی یەکڕیزیە لە سەر ئاستی هەرێمی کوردستان و لەسەر ئاستی بەغداش".

ئەو لێدوانە لە کاتێکدایە کە بەپێی زانیارییەکانی سپی، یەکێتی نیشتمانی کوردستان لە کۆبوونەوەی لەگەڵ وەفدی پارتی کە ١٨ و ١٩ ی کانوونی یەکەم هاتبوونە سلێمانی، باسی لەو پرۆژەیە کردووەو ئامادەییان پێشانداوە کە پرۆژەکە بنێرن بۆ مەسعود بارزانی و مەکتەبی سیاسی پارتی تا لە کۆبوونەوەکانی ئایندەدا گفتوگۆی لەسەر بکرێت و بڕیاری لەسەر بدرێت.

سپی زانیوویەتی ناوەرۆکی پرۆژەکەی یەکێتی جەخت لەسەر یەکڕیزی دەکاتەوە لەسەر ئاستی هەرێم و ناوچە جێناکۆکەکان بەتایبەتی کەرکوک، هەروەها لەسەر ئاستی  عێراقیش.

بەپێی ئەو زانیاریانەی سپی، یەکێتی پێیوایە ناکرێت لە کابینەی نوێی هەرێم بەشداربن، بەڵام لەسەر ئاستی کەرکوک و ناوچە جێناکۆکەکان و لەسەر ئاستی عێراق هەڵوێستی لایەنەکان جیابێت و ناکۆکیمان هەبێت.

بەپێی ئەو زانیاریانە، یەکێتی پێیوایە ناکرێت لە حکومەتێکی هەرێمدا بەشداربن، بەڵام پارتی ئامادە نەبێت لە هەولێر و پیرمام پێشوازی لە سەرۆک کۆماری عێراق بکات کە بەرپرسێکی یەکێتییە و کوردە.

رۆژی ٦ی تشرینی دووەم پەرلەمانی نوێی هەرێمی کوردستان یەکەم کۆبوونەوەی خۆی سازکردو کۆبوونەوەکەی بەکراوەی هێشتەوە تا دەرفەت بە لایەنە براوەکان بدرێت، کابینەی نوێ پێکبهێنرێت، بەڵام تا ئێستا هیچ ئاسۆیەک بۆ پێکهێنانی کابینەی نوێ لە ئارادانییە.  



PM:02:11:22/12/2018